شارپرێس:
لەکاتێکدا ئەمریکا وەک ئاماژەیەک بۆ دورکەوتنەوە لەئەگەری شەڕ، بڕیاری گەڕانەوەی ستافی باڵیۆزخانەکانی بۆ شەش وڵاتی عەرەبی دەدات، لەناوخۆی عێراقیشدا کێشەی چەکی گروپە چەکدارەکان بەرەو چارەسەرێکی ناوەند دەچێت؛ بەجۆرێک پێشنیازکراوە لەبری ڕادەستکردنی ڕاستەوخۆ بەحکومەت، چەکەکان لەکۆگاکانی حەشدی شەعبی وەک بەشێک لەدامەزراوەی فهرمیى دەوڵەت ههڵبگیرێن.
دانوستانەکانی سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی 30ی ئەیلول دەچێتە قۆناغێکی هەستیارترەوە، ئەمەش لەنێوان دەنگۆی گەیشتن بەڕێککەوتنێک کە ڕێگەدەدات چەکی گروپە چەکدارەکان لەکۆگاکانی سەر بەدەستەی حەشدی شەعبی دابنرێن، هاوکات واشنتۆن پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ داماڵینی چەکی گروپەکان ڕاگەیاند، بەمەرجێک میکانیزمی جێبەجێکردنەکە ڕونو شەفاف بێت.
بەرپرسێکی باڵا لەئیدارەی ئەمریکا بهبێ ئاشكراكردنى ناوهكهى، ڕایگەیاندوە، ویلایەتەیەکگرتوەکان بەتەواوی پشتیوانی لەداماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکانو ڕادەستکردنی چەکەکانیان بەحکومەتی ناوەندیی عێراق دەکات، جەختیشیکردوهتهوه، شەفافییەت لەگەڵ ئەمریکاو هاوبەشە هەرێمییەکان سەبارەت بەچۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردوه، واشنتۆن لەگەڵ بەغدا ڕاشکاو بوە سەبارەت بەپێویستی پاراستنی سەروەریی عێراقو ڕێگریکردن لەو گروپە چەکدارانەی کە ئێران پشتیوانییان دەکات لەئەنجامدانی هێرش لەناوخاکی عێراقەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا وەک وەڵامێک هات بۆ پرسیارەکان سەبارەت بەئەگەری درێژکردنەوەی وادەی کۆتایی بۆ داماڵینی چەکی گروپەکانو ئەو زانیارییانەی باس لەڕێککەوتنێک دەکەن بۆ دانانی چەکەکانیان لەلای دەستەی حەشدی شەعبی.
هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستی ئەمریکا، ڕاپۆرتێکی کەناڵی حوڕه ئاشکرایکردوە، دانوستانەکان لەبارەی میکانیزمی سنوردارکردنی چەکو چارەنوسی وادەی 30ی ئەیلول بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێک لەبژاردە پێشنیازکراوەکان بریتییە لەدانانی چەکەکان لەکۆگاکانی حەشدی شەعبی لەبری ڕادەستکردنی ڕاستەوخۆ بەحکومەت، ڕاپۆرتەکە لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەڵێت، ڕەنگە وادەی 30ی ئەیلول جێگیر نەمێنێتو پێشنیاز بۆ دواخستنی هەیە کە خەریکە دەبێتە ڕێککەوتن.
هەروەها لەزاری بەڕێوەبەری نوسینگەی یەکێک لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گواستراوەتەوە کە تێگەیشتنێک لەنێوان هێزەکانی چوارچێوەو سەرۆک وەزیراندا هەیە، کە چەکی گروپەکان ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێتو دەستەکە بەرپرسیاربێت لەسەرژمێریکردنو کۆگاکردنیان.
لەهەمان چوارچێوەدا، عەدنان فەیحان جێگری سەرۆکی پهرلهمانى عێراق ڕایگەیاند، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاسپێردراون بۆ ڕێکخستنی دۆسیەی سنوردارکردنی چەکو چەکەکان لە"کۆگاکانی دەوڵەت"دا هەڵدەگیرێن.
فەیحان ڕونیکردەوە، حەشدی شەعبی بەشێکە لەدەوڵەت، بۆیە دانانی چەک لەکۆگاکانیدا بەواتای مانەوەیان دێت لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا، هەروەها ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی (شیعە-شیعە)شی ڕەتکردەوەو پێیوابوو، زیادەڕەوی لەهەندێک لێدواندا بوەتە هۆی زیادبونی گرژییەکان، ئهمه دواى ئهوهى ههفتهى ڕابردوو هومام حهمودى وتى، "ئهگهرى جهنگى شیعه ـ شیعه لهعێراقدا نزیكبوهتهوه".
ڕاپۆرتهكهى حوڕه ئاشكرایكردوه، یەکێک لەپێشنیازەکان بریتییە لەتۆمارکردنی تەواوی چەکی گروپەکان لای لیژنەی سنوردارکردنی چەک، لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی پشکنینی کۆگاکان بەحکومەتو لیژنەکە، بەڵام تائێستا باس لەچارەنوسی ئەندامانو چەکدارەکانی ئەو گروپانە نەکراوە.
ههروهك ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغدا لە19ى ئهم مانگهدا، دۆسیەی چەکی گروپەکان تاووتوێکراوەو یەکێک لەپێشنیازەکانیش مانەوەی چەکەکان بوە لای گروپەکان یان سپاردنیان بەحەشدی شەعبی.
لهوبارهیهوه عەقیل عەباس ئەکادیمیو توێژەری سیاسیی پێیوایە، یەکێک لەسیناریۆ ئەگەرییەکان بریتییە لەسنوردارکردنی بەشێکی چەک، لەڕێگەی وەرگرتنی کەرەستەو چەکە قورسەکانو وەرگرتنی بەڵێننامە بۆ ئەنجامنەدانی هیچ جوڵەیەک، هاوکات لەگەڵ تێکەڵکردنی تەواوەتی هەندێک لەگروپەکان.
عەباس ئەمە دەبەستێتەوە بەڕادەی قبوڵکردنی لەلایەن ئەمریکاوەو ئەوەی ئایا واشنتۆن بەمە ڕازیدەبێت یان داوای هەنگاوی زیاتر دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەبونی گروپەکانو سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی حەشد.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی دیپلۆماتکارو ستافی باڵیۆزخانەکانی بۆ ناوچەکە کە لەکاتی شەڕی ئێراندا کشابونەوە.
ئەم گەڕانەوەیە وڵاتانی (عێراق، ئوردن، لوبنان، سعودیە، کوهیتو عومان) دەگرێتەوە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوە نیشانەیە بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لەئایندەیەکی نزیکدا چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران ناکات.