لێکۆڵینەوەی نوێ: سەرکەوتن بەسەر قادرمەدا مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە

تەندروستی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە سەرکەوتنی بەردەوام بەسەر قادرمەدا دەکرێت مەترسیی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بەڕێژەی تا 39% کەم بکاتەوە بەبەراورد لەگەڵ بەکارنەهێنانی.

توێژەران بەشیكردنەوەی زانیاریی زیاتر لە 480 هەزار کەس لە 9 توێژینەوەی جیاوازدا بۆ ماوەی ناوەندی 14 ساڵ، بۆیان دەرکەوت کە ئەو کەسانەی قادرمە بەکاردێنن، مەترسیی گیانلەدەستدانیان بەهەر هۆکارێک بەڕێژەی 24% کەمتر بوە.

بەگوێره‌ى ڕاپۆرتی گۆڤاری "سایەنس تێک دەیلی"، سەرکەوتن بەقادرمەدا وەرزشێکی هەوایی و بەهێزکردنی ڕاستەوخۆی ڕاهێنانی ماسولکەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە، کە یارمەتیی باشترکردنی تەندروستیی دڵ و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ دەدات.

ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکەوتن بەسەر نزیکەی 6 نهۆمدا لە ئاستێکی زۆر بەسوودە، تەنانەت ماوەیەکی کەمیش لەم چالاکییە زۆر باشترە لەتەمبەڵی.

دکتۆر صۆفی پادۆک لەزانکۆی "ئێست ئەنگلیا" جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتن بەقادرمەدا ڕێگەیەکی ئاسانە کە دەکرێت لەژیانی ڕۆژانەدا لە ماڵەوە، کار، یاخود گەشتەکاندا جێبەجێ بکرێت، بەبێ ئەوەی پێویست بەتەرخانکردنی کاتی تایبەت بێت. 

بەڵام توێژەران ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەم ئەنجامانە پەیوەندییەکی ئاماریی دەردەخەن و بەتەواوی نایسەلمێنن کە تەنیا سەرکەوتن بەقادرمەدا هۆکاری ڕاستەوخۆی کەمیی ڕێژەی گیانلەدەستدانە، چونکە ڕەنگە هۆکاری دیکەی پەیوەست بەشێوازی ژیانی ئەم کەسانە ڕۆڵیان هەبێت. 

بەگشتیی، ئەم گوڕانکارییە بچوکە لەڕاهێنانەکانی ڕۆژانەدا ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ زیاتکردنی چالاکیی جەستەیی و پاراستنی تەندروستیی دڵ.