شارپرێس:
لە چەند هەفتەی ڕابردووەوە نۆرەی دورودرێژ لە بەنزینخانەكانی تاران دەستیپێكردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەمریكا گەمارۆكانی توندتر دەكات و هەڕەشەی سزای توندتر دەكات، هەندێك كەس دوو كاتژمێر یان زیاتر چاوەڕێی وەرگرتنی بەشە بەنزینی خۆیان دەكەن.
نادڵنیایی و ناسەقامگیریی ڕۆژی سێشەممە قووڵتر بووەوە، دوای ئەوەی سكۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكا هەڕەشەی كرد ئێران بە تەواوی لە ئابوری جیهانی داببڕێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی ئێران باسیان لە ئەگەری كەمكردنەوەی پشتیوانییەكانی سووتەمەنی كردووە لە هەوڵێكدا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پەرەسەندنی گەمارۆكان.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، هاشم عیبادی، سەرتاشێكی تەمەن 34 ساڵ، دەڵێت: "ڕەنگە ڕووبەڕووی كەمی سووتەمەنی ببینەوە". "هەركاتێك تانكی ئۆتۆمبێلەكەی نزیكەی نیوە بوو، بەپەلە دەچێتە بەنزینخانە."
شەڕە ئابورییەكە لە ئێستاوە زیانێكی زۆری بە ئابوری ئێران گەیاندووە و بارگرانی زیاتری خستۆتە سەر هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستا هیچ نیشانەیەك نییە كە سەركردایەتی ئێرانی ناچار كردبێت تەسلیم بێت یان ناڕەزایەتییە دژە حكومییەكان كە لە مانگی یەكدا وڵاتی گرتەوە، دەستپێبكەنەوە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و دابەزینی نرخی تمەن بۆ نزمترین ئاستی پێوانەیی، ئێرانییەكان تادێت ژیانیان قورستر دەبێت.
مەحمود چاوشی، شۆفێری تەكسی تەمەن 51 ساڵ، دەڵێت: "تا دەتوانم تانكی ئۆتۆمبێلەكەم پڕ دەكەمەوە، چونكە بەم زووانە نرخەكان بەرز دەبنەوە". "هەموو ئەو شتانەی دەیكڕم لە هەفتەی ڕابردوودا هەرزانتر بوون، لە شیرەوە تا مەعكەرۆنی".
بانكەكان ڕیزی هاوشێوەی بەنزینخانەكانیان بەخۆوە نەبینیوە، دوكانەكان پڕن لەكاڵا، بەڵام كڕیاران گلەیی لە كەمبوونەوەی توانای كڕینیان دەكەن. هەڵاوسان لە ماوەی شەڕەكەدا بەرزبووەتەوە و نرخی تمەنی ئێرانیش نزمترین ئاستی پێوانەیی تۆماركردووە.
مورتەزا دەریانی كە دوكانێكی بەقاڵی لە تاران بەڕێوەدەبات، وتی: بەشێك لە كڕیارە ئاساییەكانمان ئێستا دەكڕن و دواتر پارە دەدەن، چونكە گیرفانیان وەك جاران پڕ نییە.
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران ئەمریكای بە پەنابردنە بەر گوشاری ئابوری تۆمەتبار كرد دوای ئەوەی نەیتوانی لە ڕووی سەربازییەوە شكست بە ئێران بهێنێت و وتی: هەوڵی دروستكردنی "كێشەی كۆمەڵایەتی و ناڕەزایی ئابوری دەدات بۆ ئەوەی ئێران بخزێنێتە ناو ئاژاوەگێڕییەوە".
ئاژانسە نیمچە فەرمییەكانی فارس و تەسنیم لە زاری ناوبراوەوە بڵاویانكردەوە، "ئایا پێویستە كڕنۆش بۆ كێشەكان ببەین و تەسلیم بین؟ بە هیچ شێوەیەك نا".
ئێران بە هۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و پشتیوانی لە گروپە چەكدارەكان، دەیان ساڵە لە ژێر گەمارۆ نێودەوڵەتییەكاندا بووە. فرۆشتنی نەوت بە چین لە مێژە هێڵێكی ژیانی ئابوری ئێران بووە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كە ئایا ئەمریكا دەتوانێت ئەو نەوتە بوەستێنێت یان نا.
محەممەد فەرزەنگان، مامۆستای ئابوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ماربورگ لە ئەڵمانیا دەڵێت: هەمیشە سنورێك بۆ خۆڕاگری هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، "خەڵك ڕۆژ بە ڕۆژ هێزی كڕینی خۆیان لەدەست دەدەن. هەموو ئەمانە لەگەڵ تێكچوونی ئاسۆ دیپلۆماسییەكان و بارگرانی دەرونی و بەرزبوونەوەی فشارەكان، دەتوانن ڕەوشێكی قورس بۆ دەوڵەت دروست بكەن".
