شارپرێس:
لەگۆڕانکارییەکی کتوپڕدا، حکومەتی عێراق بەفەرمی لەبڕیاری دیاریکردنی
30ی ئەیلول وەک دوایین وادە بۆ داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان پاشەکشەیکرد، زانیارییهكانیش
دهڵێن، "ئەم هەنگاوەش دوای دوو هەفتە لەفشارە چڕەکانی تارانو هاتوچۆی بەردەوامی
بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ بەغدا دێت".
گۆڕینی وادەی کۆتایی بۆ خاڵی دەستپێک
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەلێدوانێکی نوێدا
زمانەوانیی بڕیارەکەی گۆڕییو وتى، "30ی ئەیلول تەنها وادەی چونەدەرهوەی
هاوپەیمانانو خاڵی دەستپێکە بۆ سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، نەک کاتی کۆتایی
بۆ چەککردنی گروپەکان"، چاودێرانیش پێیانوایه، ئەمە بەواتای کوشتنی ئەو وادەیە
دێت کە پێشتر وەک هێڵی سور بۆ گروپهكان دیاریکرابوو.
فشارەکانی تاران؛ پیلانەکان دەگۆڕدرێن
بهگوێرهى زانیارییەكان، تاران لەڕێگەی فشارێکی چڕەوە توانیویەتی بڕیارەکەی
بەغدا سست بکات، لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردودا، هاتوچۆی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ بەغدا
نەوەستاوە، سەرچاوەکانیش دهڵێن، "ئێران دوای شکستی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا،
جارێکی دیكه بڕیاریداوە چەکی گروپە دۆستەکانی لەعێراق وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێتەوەو
ڕێگەنەدات حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێت".
چهند سهرچاوهیهكى ئاگادار بۆ ماڵپهڕى مهدا زانیارییان
ئاشكراكردوهو وتویانه، "تاران پێشتر نەرمتر بوە، بەڵام دوای بەبنبەستگەیشتنی
گفتوگۆکانی لەگەڵ واشنتۆنو سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا، جارێکی دیكه دەستی
بەسەنگەری چەکی گروپهكان گرتوەتەوە وەک کارتێکی فشار، لەدوو هەفتەی ڕابردوشدا، ئیسماعیل
قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسو محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەردانی
بەغدایان کردوە بۆ تێکدانی پلانی چەککردنی گروپەکان".
کۆبونەوەی ماڵی حەمودی؛ دەرکەوتنی نوێنەری خامنەیی
هەستیارترین خاڵی ئەم گۆڕانکارییە، کۆبونەوەی سەرکردە شیعەکان بوو لەماڵی
(هومام حەمودی)، کە تێیدا بۆ یەکەمجار موحسین قومی وەک نوێنەری تایبەتی ڕێبەری باڵای
ئێران لەناوجەرگەی بڕیاردانی عێراقدا دەرکەوت، لەوێدا بڕیاردرا کە چەکەکان ڕادەستی
دەوڵەت نەکرێن، بەڵکو تەنها لەکۆگاکانی حەشدی شەعبیدا بشاردرێنەوە، ئەمەش وەک فێڵێکی
سیاسیی بۆ هێشتنەوەی هێزی ئەو گروپانە لێکدەدرێتەوە.
ههروهك لهو كۆبونهوهیهدا جارێكى دیكه تاران پێشنیازیکردوە، بۆ
ڕێگریکردن لەپێکدادانی (شیعە ـ شیعە)، چەکە قورسەکان یان بگوازرێنەوە بۆ ناوخاکی ئێران
یان لەکۆگاکانی حەشدی شەعبیدا دابنرێن، نەک ڕادەستی حکومەت بکرێن، ئەمەش فێڵێکی یاساییە
بۆ هێشتنەوەی چەکەکان لەژێر کۆنترۆڵی فەسیلەکاندا.
لهبارهى ناوهڕۆكى ئهو كۆبونهوهیه ئاشكرابوه كه ئهمریكا زۆر
توڕهیه، چونكه لهو كۆبونهوهیهدا (ئەبو ئالا وەلائی) بهشداریكردوه کە کەسێکی داواکراوی واشنتۆنه، بەڵام لەتەنیشت
سەرۆک وەزیرانو سەرکردە سیاسییەکان دانیشتوه، ئەم دیمەنەش وەک نیشانەی سەرکەوتنی
میحوەرەکەی تاران لێکدەدرێتەوە.
تاقیکردنەوەی ئارامیی ترەمپ
لەبەرامبەر ئەم پاشەکشەیەی حکومەتدا، ناوەندە سیاسییەکان هۆشداریدەدەن،
میسال ئالوسی سیاسەتمەداری ناسراوى عێراقی دەڵێت، "سەرۆک وەزیران بەڵێنی بەئەمریکادابوو
کە چەکی گروپەکان کۆبکاتەوە، ئەگەر ئێستا پاشەکشە بکات، ڕوبەڕوی توڕەیی دۆناڵد ترەمپ
دەبێتەوە".
شارەزایانیش پێیانوایە، ترەمپ لەمەودوا بەچاوێکی دیكهوه سەیری بەغدا
دەکاتو ڕەنگە سزای توند بەسەر ئەو حکومەتەدا بسەپێنێت کە نەیتوانیوە بەڵێنەکانی جێبەجێبکات.
ئایندەی گروپەکان؛ لەئاشکراوە بۆ نهێنی
ئەسیل نوجێفی سەرکردەی دیارى سیاسییو سونهكان پێیوایە، ئەم گروپە چەکدارانە
ناچنە ژێر باری یاسا، بەڵکو تەنها شێوازی کارکردنیان دەگۆڕن، ئەوان لەبەرچاوی جیهان
وەک گروپێکی نهێنیو ناوخۆیی خۆیان نیشاندەدەن، بەڵام لەڕاستیدا وەک هێزێکی کاریگەرو
پڕچەک لەناو عێراقدا دەمێننەوەو بەردەوامدەبن لەهەژمونی خۆیان.
ئەو شەڕەی بڕیاربوو لە 30ی ئەیلولدا بۆ چەککردنی گروپەکان دەستپێبکات،
بەهۆی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئێرانەوە وادەی بڕیارەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراو
ناوەڕۆکەکەی پوچەڵکرایەوە، ئێستاش بەغدا لەنێوان بەرداشی فشاری ئێرانو سزاکانی ئەمریکادا
گیریخواردوە، بەڵام دەرگای ئەگەرەکان بۆ پێکدادانی سیاسییو ئابوریی لەگەڵ ئیدارەی
ئەمریکا بەواڵایی دەهێڵێتەوە.
