شارپرێس:
لەکارەساتێکی سروشتیی وێرانکەردا لەناوچە سنورییەکانی نێوان نیپاڵو هەرێمی تیبتی چین، لافاوێکی بەهێزو داڕمانی بەرفراوانی بەردو بەفر ڕویدا، بهگوێرهى دوایین ئامارە فەرمییەکان، تائێستا بەلایەنی کەمەوە 165 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 162 کەسیان لەخاکی نیپاڵو سێ کەسیان لەبەشی چین تۆمارکراون.
ئامارەکانی بێسەروشوێنبوان بەشێوەیەکی ترسناک ڕویان لەزیادبونکردوە، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات ڕایانگەیاندوە، ههزارو 384 کەس بێسەروشوێنن، لەو ژمارەیەش 826 کەسیان لەنیپالو 558 کەسیان لەچینن.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، زیاتر لە860 لەبێسەروشوێنبوان گەشتیاری بیانیین لەڕەگەزنامە جیاوازەکانی وەک (ئوسترالیا، ئەمریکا، بەریتانیا، هیندستان، کەنەدا، ژاپۆنو کۆریای باشور) کە بۆ مەبەستی شاخەوانی ڕویان لەناوچەکە کردبوو.
دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکیو شیکارییەکانی مانگی دەستکردی "بلانیت لابس" ئاشکرایانکردوە، کارەساتەکە بەهۆی داڕمانی قەبارەیەکی زۆر لەبەفرو بەرد لەسەر سنوری هەردوو وڵات ڕوویداوه.
ئەم داڕمانە لەرینەوەیەکی هاوشێوەی بومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.2 پلە دروستکردوە کە بوهتە هۆی بەستنی کاتیی ڕێڕەوی ڕوبارەکانو دواتر تەقینەوەو دروستبونی شەپۆلێکی لافاوی گەورە بەرەو دۆڵەکانی تریشولیو بوتیکۆشی.
ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان دەریخەن، شەپۆلێکی خێراو گەورەی ئاوو قوڕ چەندین بینای فرە نهۆمیو ئۆتۆمبێلی ڕاپێچ کردوەو ناوچە بازرگانییەکانو گوندەکانی بەتەواوی لەسەر نەخشە سڕیوەتەوە، نوێنەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سورو مانگی سور ڕایگەیاندوه، بارودۆخەکە زۆر هاوارو ئازاربەخشەو هاوکاری بەپەلە ڕەوانەی ناوچەکە کراوە.
لەئێستادا سوپای نیپال بەبەکارهێنانی هێلیکۆپتەر سەرقاڵی چۆڵکردنی ناوچە مەترسیدارەکانو ڕزگارکردنی لێقەوماوانە، دەسەڵاتداران هۆشداری توندیان داوەتە دانیشتوانی نزیک ڕوبارەکان بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانیان، بەهۆی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی لافاوی نوێو بەرزبونەوەی زیاتری ئاماری قوربانییان.
