گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان

کوردستان

52 خولەک پێش ئێستا‌ 507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پوختە
هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی هێواش بەڵام بەردەوام، بينەرى گۆڕانێک لە سروشتی هاوسەنگی هێز لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بووە. لە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی پارتی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر نەوت، بازرگانی، دەروازەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ تورکیا دامەزرابوو، یەکێتی دەستی کردووە بە دروستکردنی سیستمێکی ئابووریی جیاواز کە لەسەر گاز، کارەبا، پیشەسازیی قورس و گەیشتن بە بازاڕی عێراقی دامەزراوە.
ئەم گۆڕانە بەو مانایە نییە کە یەکێتی لە ڕووی قەبارەی ئابوورییەوە لە پارتی بەهێزتر بووە؛ چونکە پارتی هێشتا بنەمایەکی ئابووری و جوگرافی و بازرگانیی فراوانتری هەیە. بەڵام جۆری ئەو سامانەی یەکێتی کۆنترۆڵی دەکات، بە تایبەتی گاز و وزە و پیشەسازی، بە شێوەیەکی ڕوو لە هەڵکشان پەیوەندی بە کارکردنی سیستەمی ئابووریی هەرێمەوە هەیە. بەو هۆیەوە گرنگیی ستراتیژیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی زیادتر بووە.
لە بەرامبەردا، پارتی بەشێک لە سەربەخۆیی پێشووی خۆی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەدەست داوە، بە تایبەتی بەهۆی زیادبوونی ڕۆڵی بەغدا لە بە بازاڕکردن و بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نەوت. بەڵام جوگرافیای ئەو ناوچانەی کە پارتی کۆنترۆڵی دەکات هێشتا گرنگییەکی ستراتیژیی زۆری هەیە.
پێشەکی
لە دوای دامەزراندنی دامەزراوەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، سیستمێکی سیاسی پەیدا بووە کە لەسەر بوونی دوو ناوەندی سەرەکیی دەسەڵات دامەزراوە: هەولێر کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەیوەندیدارە، و سلێمانی کە بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە پەیوەندیدارە.
هەرچەندە لە ڕووی فەرمییەوە حکومەتی هەرێم بوونى هەیە، بەڵام لە ماوەی چەندین دەیەدا واقعە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکە بەرەو بوونی دوو سیستمی هاوتەریب گەشەی کردووە. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، باڵایی ئابووریی پارتی بەهۆی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی گەورە لە سامانە نەوتییەکان، دەروازەکانی بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ تورکیا، بەڕوونی دیار بووە، بەڵام لە ئێستادا ئەم هاوسەنگییە دەستی کردووە بە گۆڕان.
بەو پێەى گاز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی چیتر تەنها سەرچاوەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە سیستمی کارەبا و پیشەسازی. لە هەمان کاتدا، نەوت کە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی هێزی پارتیی بووە، چیتر وەک جاران بە ئاسانی ناتوانرێت بکرێتە سەرچاوەى سەربەخۆیی سیاسی، چونکە ڕۆڵی بەغدا لە بەڕێوەبردنی پرسی نەوت زیادتر بووە. لێرەدا پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە: ئایا هەرێمی کوردستان لە هاوسەنگییەکی هێز کە لەسەر قەبارەی سامانەکان دامەزراوە، بەرەو هاوسەنگییەکی نوێ دەچێت کە لەسەر گرنگیی ستراتیژی و ئەو سامانانە دادەمەزرێت؟
کێشەی سەرەکیی بریتییە لە بوونی جیاوازییەکی ڕوو لە زیادبوو لەنێوان قەبارەی ئابووریی پارتی و نرخی ستراتیژیی هەندێک لەو سامانە گرنگانەى کە یەکێتی کۆنترۆڵی دەکات.
پارتی تۆڕێکی ئابووریی فراوانترى لەبەردەستە، بەڵام یەکێتی بە شێوەیەکی ڕوو لە هەڵکشان کۆنترۆڵی ئەو سامانانە دەکات کە بە کارکردنی سیستمی ئابووریی هەرێم پەیوەندیدارە، بە تایبەتی گاز و کارەبا و پیشەسازی. لەبەر ئەمە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەگەر پارتی لە ڕووی قەبارەی ئابوورییەوە گەورەترە، بۆچی یەکێتی توانای کاریگەری دانان لەسەر هاوسەنگیی سیاسی و دابەشکردنی دەسەڵات لە جاران زیاترە ؟
مۆدێلی ئابووریی پارتی دیموکراتی کوردستان
دەتوانرێت مۆدێلی پارتی بە مۆدێلی جۆراوجۆرکردن و پەیوەندیی دەرەکی ناوببرێت. هێزی ئابووری لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک تەنها پشت بە یەک سەرچاوە نابەستێت، بەڵکو پێکهاتووە لە نەوت + پالاوگە + پیشەسازی + بازرگانی + دەروازەکان + گواستنەوە + تورکیا + بازاڕە دەرەکییەکان.
ئەم مۆدێلە توانای زیاتر بە پارتی دەدات بۆ بەرگەگرتنى شوکە ئابوورییەکان. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە بەشێکی گرنگ لە هێزی نەوت چیتر بە شێوەی خۆبەخۆ نابێتە سەربەخۆییی سیاسی. بە زیادبوونی ڕۆڵی بەغدا لە کۆنتڕۆڵکردنى دۆسێی نەوت، توانای هەولێر بۆ دیاریکردنی ئاراستە و مەرجەکانی فرۆشتنی نەوت کەمتر بووەتەوە.
بەڵام هێشتا جوگرافیای نەوتی پارتی گرنگییەکی زۆری هەیە. بەتایبەتی کۆریدۆری کەرکووک–جەیهان، کە لە ساڵی 2026 گرنگیی ستراتیژیی زیاتری بۆ عێراق بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا ڕێگاکانی باشووری هەناردەی نەوت لە ناوچەی کەنداو تووشی ئاڵۆزی بوون بەهۆى کێشەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران. لە 1ی ئاب 2026 تورکیا و عێراق ڕێککەوتنێکی کاتییان واژۆ کرد بۆ توانای گواستنەوەی تا 750 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. لێرەدا پارادۆکسێک دروست دەبێت: پارتی بەشێک لە کۆنترۆڵی سیاسیی خۆی بەسەر نەوتدا لەدەست داوە، بەڵام هێشتا کۆنترۆڵی جوگرافیایەکی هەیە کە بۆ عێراق گرنگییەکی زۆری هەیە.
گاز وەک سەرچاوەی هێزی یەکێتی
گاز خاڵی گۆڕانی سەرەکی لە هاوسەنگیی ئابوورییە کێڵگەى گازی خورمۆرە، کە لە ژێر دەسەڵاتى یەکێتییە، و لە 2025دا گەشەیەکی گرنگی بەخۆوە بینی و توانای پرۆسەکردنی گاز گەیشتە 750 ملیۆن پێی سێجا لە ڕۆژێکدا. گرنگییەکە لەوەدایە کە گازەکە تەنها بۆ داهات بەکارناهێنرێت بەڵکو: گاز + کارەبا + پیشەسازی + کار + بەرهەمهێنان + بازاڕ + و هەژموونى سیاسی. ئەمەش گرنگیی سیاسیی گاز زۆر زیاتر لە بەهای داراییی ڕاستەوخۆی دەکات
چەمچەماڵ–بازیان وەک ناوەندی نوێی هێزی ئابووری
ناوچەی چەمچەماڵ–بازیان گرنگییەکی تایبەتی لەم گۆڕانکارییەدا هەیە. ناوچەکە بە هێواشی دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی پیشەسازیی گەورە، بە تایبەتی بۆ چیمەنتۆ، ئاسن، پیشەسازیی قورس، بەرهەمهێنانی وزە و پیشەسازیی پەیوەست بە وزە . ئەگەر گازی ناوخۆیی بتوانێت جێگەی سووتەمەنیی گرانتر بگرێتەوە، تێچووی بەرهەمهێنان کەم دەکات و توانای ڕکابەریی کارگەکان زیاد دەکات. لەو کاتەدا گاز چیتر تەنها کێڵگەى گاز نابێت؛ بەڵکو دەبێتە سیستمی وزە و پیشەسازی ئەمەش گۆڕانێکی ستراتیژیی گەورەترە.
لە سلێمانییەوە بۆ کەرکووک
گرنگیی ئەم گۆڕانکارییە تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی نییە. ئەو کۆریدۆرە ئابوورییەی کە سلێمانی + چەمچەماڵ + شوان + لیلان + کەرکووک + ناوەڕاست و باشووری عێراق پەیوەندیی ئابووریی سلێمانی بە بازاڕی عێراقی بەهێزتر دەکات ئەمە بە شێوەیەکی ڕێژەیی ڕۆڵی مێژوویی هەولێر کەم دەکاتەوە، ئەم ناوەندە بەرهەمەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە ڕێگەیەوە دەگاتە بازاڕەکانی دەرەوە یان عێراق. لەبەر ئەمە کەرکووک تەنها بابەتێکی سیاسی و کارگێڕی نییە؛ بەڵکو دەبێتە قووڵاییەکی ئابووریی ستراتیژیی بۆ سلێمانیی.
کارەبا وەک ئامرازێکی نوێ بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز
یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکان ئەوەیە کە دۆسیەی کارەبا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە هاوسەنگیی هێزی نێوان دوو حیزبەکەوە پەیوەست بووە. هێڵەکانی گاز و بۆرییەکانی وزە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بە یەکەوە دەبەستن. پارادۆکسەکە ئەوەیە کە فراوانکردنی تۆڕی کارەبا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، لە هەمان کاتدا دەتوانێت گرنگیی گازی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی زیاد بکات.  واتە پارتی بەشێکی گەورەی سیستمی دابەشکردن و بەکارهێنانی کارەبا دەگرێتەوە، بەڵام یەکێتی بە شێوەیەکی ڕوو لە زیادبوون گرنگیی زیاتر لە بەشی دابینکردنی گازەوە بەدەست دەهێنێت. ئەمەش پەیوەندییەکی دوولایەنەی وابەستەیی دروست دەکات
هەڵبژاردن و گۆڕانی هاوسەنگیی سیاسی
لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2024دا پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنابەڵام پاشان هاوپەیمانییە سیاسییەکان هاوسەنگییەکەیان ئاڵۆزتر کرد، یەکێتی توانای دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ نەوەی نوێی بەدەستهێنا و ئەمە جیاوازیی ژمارەیی لە نێوان دوو لایەنەکەی بە شێوەیەکی زۆر کەم کردەوە، لەبەر ئەمە جیاوازییەک پەیدا بوو لەنێوان هێزی هەڵبژاردن و هێزی ئابووری و ستراتیژی. ئەم جیاوازییە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری قورساییی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت.
قەیرانی پێکهێنانی حکومەت وەک ملمێلانێ بۆ بنەمای دەسەڵات
قەیرانی ئێستا ناتوانرێت تەنها بە جیاوازییەک لەسەر ژمارەی وەزارەتەکان ڕوون بکرێتەوە. لە بنەڕەتدا ململانێکە لەسەر ئەوەیە کە کێ کۆنترۆڵی دامەزراوە ئەمنییەکان دەکات؟ کێ سیاسەتی ئابووری دیاری دەکات؟ و داهاتەکان چۆن دابەش دەکرێن؟  کێ بڕیاری پەیوەندییە دەرەکییەکان دەدات؟  پۆستە سەرەکییەکان چۆن دابەش دەکرێن؟ هەرێم سیستەمێکی تاک ناوەندە یان دوو ناوەندە؟  ئاستی سەربەخۆییی هەولێر و سلێمانی چەندە؟  لەبەر ئەمە قەیرانی حکومەت بووەتە قەیرانێک لەسەر شێوەی دابەشکردنی دەسەڵات.
کاریگەریی بەغدا
بەغدا گۆڕاوێکی گرنگە لە گۆڕینی هاوسەنگیی هێز. ئەگەر بەغدا زیاتر پشت بە گازی بەرهەمهاتووی هەرێم ببەستێت، بەهای سیاسیی ئەم سەرچاوەیە زیاد دەکات. لە ئاب 2026دا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرانی کانی خورمۆر دەستیان بە دابینکردنی گاز بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق کردووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام حکومەتی هەرێم ناڕەزاییی خۆی دەربڕی چونکە ئەم کارە بەبێ ڕەزامەندیی هەرێم کراوە. ئەمە نیشانى دەدات کە گاز چیتر تەنها بابەتێکی نێوان دوو حیزب نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا.
کاریگەریی تورکیا
تورکیا هێشتا یەکێکە لە گۆڕاوە دەرەکییە گرنگەکان. پارتی مێژوویەکی درێژی پەیوەندیی ئابووری و سیاسی لەگەڵ تورکیا هەیە، بە تایبەتی لە بواری نەوت، بازرگانی و دەروازەکان. بەڵام گۆڕانی ژینگەی ناوچەیی دەتوانێت گرنگیی سلێمانی بۆ تورکیاش زیاد بکات. بەم شێوەیە دەکرێت لە داهاتوودا لە پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ هەولێر بەرەو پەیوەندیی چەند لایەنە لەگەڵ هەولێر و سلێمانی بگۆڕێت. ئەمەش ڕەهەندێکی نوێ بۆ ملمێلانێی ناوخۆیی زیاد دەکات.
جیاوازیی نێوان هێز و بەها 
دەتوانرێت هێزی ئابووری دابەش بکرێت بۆ دوو جۆر:
هێزی قەبارە: بریتییە لە قەبارەی بەرهەمهێنان، ژمارەی کۆمپانیاکان، وەبەرهێنان، نەوت، بازرگانی، دانیشتوان، ژێرخان، لەم بوارەدا هێشتا پارتی پێشەنگە.
هێزی بەها: بریتییە لە توانای سامانێک یان سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنى کاریگەری لەسەر کارکردنی تەواوی سیستم. لە ئەم بوارەدا گرنگیی یەکێتی زیاد دەکات. چونکە گازێک کە کارگەی کارەبا یان کارگەی پیشەسازی دەخاتە کار، دەتوانێت لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگتر بێت لە بەهای داراییی خۆی. بۆیە دەتوانین ئەم هاوکێشەیە دابنێین:
پارتی = هێزی قەبارە
یەکێتی = هێزی سەرچاوە گرنگەکان
ئەم دوو جۆرە هێزە کلیلی تێگەیشتنن لە گۆڕانی هاوسەنگیی ئێستای ناوخۆی هەرێم.
سلێمانی لەپارێزگایەکى پشتگوێخراوەوە بۆ ناوەندی پیشەسازی و وەبەرهێنانی هەرێم
لە شیکردنەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستاندا، نابێت تەنها سەرنج لەسەر نەوت و گاز و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بێت. بۆ تێگەیشتنێکی وردتر لە گۆڕانی هاوسەنگیی ئابووری و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان، پێویستە شوێنی سلێمانی لە نەخشەی پیشەسازی، ژێرخان، وزە، گەشتوگوزار و وەبەرهێنانیش لەبەرچاو بگیرێت.
لە ڕابردوودا، لەگەڵ ئەوەی سلێمانی یەکێک بووە لە گەورەترین شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەراورد بە هەولێر و دهۆک لە هەندێک بواردا پشتگوێ خراوە. بەڵام ئەم وێنەیە لە ساڵانی دواییدا دەستی کردووە بە گۆڕان. سلێمانی هێواش هێواش خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین ناوەندە پیشەسازییەکانی عێراق دەخاتە ڕوو، بە تایبەتی بەهۆی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کارگە و کۆمپانیای گەورە لە بواری پیشەسازیی قورس، چیمەنتۆ، ئاسن و پۆڵا، ماددەکانی بیناسازی، کانزاکان، پلاستیک، دەرمان، خواردن و بەرهەمە پەیوەستەکان.
بۆیە ئەگەر لە ڕابردوودا داهات و توانای داراییی هەولێر و دهۆک بە شێوەیەکی زۆرتر بە نەوت و بازرگانی و پەیوەندییە دەرەکییەکانەوە پەیوەست بوو بێت، ئەوا سلێمانی هەوڵی دروستکردنی جۆرێکی جیاواز لە بنەمای ئابووری دەدات؛ بنەمایەک کە زیاتر لەسەر پیشەسازی، بەرهەمهێنان، وزە، بازاڕی ناوخۆی عێراق و وەبەرهێنانی درێژخایەن دامەزراوە.
 دوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان؛ سەرمایەی ستراتیژیی وزە و ئاو
یەکێکی تر لە خاڵە گرنگەکان کە پێویستە لە هەڵسەنگاندنی توانای ئابووریی سلێمانی لەبەرچاو بگیرێت، بوونی بەنداوی دووکان و دەربەندیخانە. ئەم دوو بەنداوە تەنها ژێرخانی ئاو نین؛ بەڵکو دەتوانرێن وەک بەشێک لە سەرمایەی ستراتیژیی ناوچەکە لە بواریدابینکردنی ئاو، بەرهەمهێنانی کارەبا، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پەرەپێدانی ناوچەکانی دەوروبەر، و پاراستنی ئاسایشی ئاو هەژمار بکرێن. بەم پێیە، ئەگەر گەشەی پیشەسازیی سلێمانی لەگەڵ توانای وزە و ژێرخانی ئاو بە یەکەوە ببەسترێتەوە، دەتوانرێت بزانرێت کە سلێمانی تەنها ناوچەیەکی پیشەسازیی ئاسایی نییە، بەڵکو توانای هەیە ببێتە ناوچەیەکی پیشەسازی–وزەیی ستراتیژی.
گۆڕانی نەخشەی وەبەرهێنان
لە چەند ساڵی دواییدا، گەشەی وەبەرهێنان لە سلێمانی بووەتە یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی گۆڕانی نەخشەی ئابووریی ناوچەکە. قیرتاوکردن و چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان، دروستکردن و نوێکردنەوەی پردەکان، فراوانکردنی ژێرخانی هاتوچۆ و پەرەپێدانی بەشێک لە خزمەتگوزارییە شارستانییەکان، هەموویان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و زیادکردنی توانای پەیوەندیی ناوچە پیشەسازییەکان بە بازاڕەوە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە، چونکە پیشەسازی بە تەنیا بە بوونی کارگە گەشە ناکات، بەڵکو پێویستی بە ڕێگا + پرد + کارەبا + ئاو + گاز + بازاڕ + گواستنەوە + ژێرخانی لۆجستیکی هەیە.
 پرۆژە تەواونەکراوەکانی 2014 و هەلی گەشەی پێشوەختە
ئەو پرۆژە گەورانەى کە لە ساڵانی دەوروبەری 2014 دەستیان پێکردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانە دارایی، سیاسی و ئەمنییەکانەوە بە تەواوی نەخراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەگەر بەشێک لەم پرۆژانە دووبارە چالاک بکرێنەوە و تەواو بکرێن، کاریگەرییەکەیان تەنها لە خودی پرۆژەکەدا نابێت؛ بەڵکو دەتوانێت زنجیرەیەک لە وەبەرهێنان و کاری نوێ دروست بکات.
تەواوکردنی پرۆژە تەواونەکراوەکان و لە ماوەیەکی کورت دەتوانێت شۆکی وەبەرهێنانی دروست بکات و خێرایی گەشەی ئابووریی پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
گەشتوگوزار؛ بازاری گەشەی داهاتوو
لەگەڵ پیشەسازی، گەشتوگوزار دەتوانێت دووەم ستوونی گەشەی ئابووریی سلێمانی بێت. ناوچە سروشتی و شاخاوییەکان، بەنداوەکان، شوێنەوارەکان و نزیکیی پارێزگاى سلێمانی بە شوێنە گەشتیارییە جیاوازەکان، بنەمایەکی باش بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاریی ناوخۆیی و دەرەکی دروست دەکەن. بەتایبەتی ئەگەر دوو پرۆژەی گەشتیاریی بەهەشتی شار و کۆڕنیش بە شێوەیەکی تەواو و پیشەیی جێبەجێ بکرێن، دەتوانن کاریگەرییەکی زۆر لەسەر زیادکردنی ژمارەی سەردانیکەران، دروستکردنی هەلی کار، زیادکردنی وەبەرهێنانی تایبەت، گەشەپێدانی هوتێل و ڕێستۆران، گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان، و زیادکردنی داهاتی ناوخۆ دروست بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، گەشتوگوزار دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئابووریی سلێمانی تەنها پشت بە پیشەسازی و غاز نەبەستێت، بەڵکو جۆراوجۆرتر بێت.
 کاریگەریی ئەم گۆڕانە لەسەر هاوسەنگیی هێز
ئەگەر لە ڕابردوودا پارتی بەهۆی نەوت، بازرگانی و پەیوەندییە دەرەکییەکانەوە قەبارەی ئابووریی گەورەتری هەبوو بێت، ئەوا گەشەی پیشەسازی و وزە لە پارێزگاى سلێمانی دەکرێت ببێتە بنەمای جۆرێکی نوێ لە هێزی ئابووری. ئەم هێزە تەنها بە ژمارەی داهات نەپێورێت؛ بەڵکو بەوەش دەپێورێت کە چەند ناوچە و کۆمپانیا و دامەزراوەکان، بەردەوامییان بەو سەرچاوە و ژێرخانەوە پەیوەستە. ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە لە بەشی سەرەکیی نوسينەکەدا بە هێزی بەها باس کراوە. لەبەر ئەمە، دەتوانرێت بگوترێت کە سلێمانی بە هێواشی لە ناوچەیەکی پشتگوێخراو لە پەرەپێدانی ئابووریی هەرێم بەرەو ناوچەیەکی بەرهەمهێنەر و ستراتیژی دەگوازرێتەوە.
سیناریۆکانی داهاتوو
سیناریۆی یەکەم: ڕێککەوتنی سیاسی: دوو حیزبەکە دەگەنە ڕێککەوتنێک کە دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ هێزی هەڵبژاردنی پارتی و هێزی ئابووریی ڕوو لە هەڵکشانى یەکێتی بگونجێت. ئەمە جێگیرترین سیناریۆیە.
سیناریۆی دووەم: بەردەوامبوونی بنبەست: قەیرانی پێکهێنانی حکومەت بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا هەریەک لە هەولێر و سلێمانی سیستمی ئابووری و ئەمنیی خۆی بەهێزتر دەکات. ئەمە دەتوانێت دابەشبوونی دامەزراوەیی قووڵتر بکات.
سیناریۆی سێیەم: قووڵبوونەوەی دوو ناوەند: هەرێم بە هێواشی دەگۆڕێت بۆ سیستمێکی سیاسیی دوو ناوەندی ئابووری و ئەمنیی ڕکابەر.
سیناریۆی چوارەم: دەستێوەردانی بەغدا: بەغدا دەتوانێت لە ملمێلانێی نێوان دوو حیزبەکەوە بۆ زیادکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر نەوت، گاز، بودجە، ئاسایش، دەروازەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکان سوود وەربگرێت. ئەمەش دەتوانێت سەربەخۆییی هەرێم بە گشتی کەم بکاتەوە.
ئەنجام
پارتی هێشتا لە ڕووی قەبارە و جۆراوجۆریی ئابوورییەوە لایەنی بەهێزترە.
یەکێتی لە سامانە ستراتیژییەکان، بە تایبەتی گاز، کارەبا و پیشەسازی، بە شێوەیەکی جۆری پێشکەوتووە.
گاز بووەتە سەرچاوەیەکی سیاسی، نەک تەنها ئابووری.
چەمچەماڵ–بازیان دەتوانێت ببێتە یەکێک لە ناوەندە پیشەسازییە ستراتیژییەکانی هەرێم.
سلێمانی توانای گەیشتنی ڕاستەوخۆی زیاتر بە بازاڕی عێراقی لە ڕێگەی کەرکووکەوە پەیدا کردووە.
کەمبوونەوەی سەربەخۆیی نەوتی پارتی بە مانای لەدەستدانی گرنگیی جوگرافیایی ناوچەکەی نییە.
کۆریدۆری کەرکووک–جەیهان گرنگیی زیاتر بۆ عێراق بەدەستهێناوە.
ملمێلانێی سیاسی چیتر تەنها بە ژمارەی کورسییەکان چارەسەر ناکرێت.
هێزی هەڵبژاردن و هێزی ئابووری بە هەمان خێرایی ناگۆڕێن.
هەرچەندە جێگرتنەوەی نەوت ئاسانتر بێت، گرنگیی ئەو سامانانەی کە جێگرتنەوەیان دژوارە، وەک گاز و تۆڕەکانی کارەبا، زیاتر دەبێت.
ئەنجامی گشتی
ئەو گۆڕانکارییەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات بە مانای گواستنەوەی ڕاستەوخۆی هێز لە پارتییەوە بۆ یەکێتی نییە؛ بەڵکو سروشتی هێز خۆی دەگۆڕێت.
پارتی هێشتا جوگرافیای ئابووریی فراوانتر، سامانى نەوتیی گەورەتر و پەیوەندییە بازرگانییە بەهێزترەکانی لەگەڵ تورکیا و بازاڕە دەرەکییەکان پاراستووە.
بەڵام یەکێتی شتێکی جیاواز دروست دەکات: سیستمێکی ئابووریی پەیوەست بە گاز، کارەبا، پیشەسازی و بازاڕی عێراقی.
لەبەر ئەمە ملمێلانێی نێوان دوو حیزبەکە دەکرێت وەک ملمێلانێی نێوان دوو مۆدێلی هێز ببینرێت:
مۆدێلی هێزی پارتی: کۆنترۆڵکردنی تۆڕە ئابووری و ڕێگاکان و بازاڕەکان لە بەرامبەر مۆدێلی هێزی یەکێتی: کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە و دەروازە گرنگەکانى سیستمی ئابووری.
پارتی دەیەوێت باڵایی دەنگى هەڵبژاردن و ئابووریی خۆی بکاتە باڵایی دامەزراوەیی؛ لە بەرامبەردا، یەکێتی وای دەبینێت کە گەشەی سەرچاوەکانی وزە و پیشەسازی و تۆڕەکانی لە بەغدا و کەرکووک دەبێتە بنەمایەک بۆ ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ڕۆڵی هاوبەشی بچووکتر.
کۆتایی
داهاتووی هاوسەنگیی هێز لەنێوان هەولێر و سلێمانی تەنها بە سندوقی دەنگدان و داهاتی نەوت دیاری ناکرێت؛ بەڵکو بە توانای هەریەک لە دوو لایەنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی وزە، کارەبا، پیشەسازی، ڕێگاکانی بازرگانی، بازاڕەکان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە دیاری دەکرێت. ئەمەش ئەو جوگرافیا ستراتیژییە نوێیەیە کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا لە پێکهێنان و گەشەکردندایە
سلێمانی دەتوانێت بەهۆی کۆبوونەوەی سەرچاوەی وزە، پیشەسازیی قورس، ژێرخانی ئاو، بەنداوەکان، ڕێگاوبان، بازاڕی کەرکووک و عێراق، و پۆتانسیەلی گەشتوگوزار، ببێتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەشەی ئابووریی هەرێم.