شارپرێس:
لەپەیامێکی توندو هۆشداریدەردا، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران
ڕایگەیاند، چیتر وەک "دەزگای ڕاگەیاندن" سەیری میدیا نەیارەکان ناکەن، بەڵکو
ئەوان وەک "سەربازی دوژمن" لەنێو لیستی ئامانجە سەربازییەکانی ئێراندایە.
سەردار شکارچی وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانى ئێران، پەردەی لەسەر
ستراتیژییەکی نوێی سەربازیی لاداو ڕایگەیاند، "میدیاکانی وەک (بی بی سی، ئێران
ئینتەرناشناڵو ڕادیۆ فەردا) بەشێکی دانەبڕاون لەدەزگا سیخوڕییەکانی (مۆساد)ى ئیسرائیلو
(سی ئای ئەی) ئهمریكا، بۆیە ئێمە ئەمانە بەمیدیا نازانین، بەڵکو ئەمانە سەربازی ئەمریکاو
ئیسرائیلین".
شکارچی بەزمانێکی هەڕەشەئامێزەوە جەختیکردەوە، کارمەندانو بەڕێوەبەرانی
ئەم دەزگایانە لەژوری ئۆپەراسیۆنی دوژمنەوە فەرمان وەردەگرن، وتیشی، "ئەوکەسانەی
لەم میدیایانەدا کاردەکەن، لەبانکی ئامانجە سەربازییەکانی ئێمەدا جێگەیان بۆ کراوەتەوە،
هەر خوێنڕشتنو ئاڵۆزییەک لەجیهانو ناوچەکەدا ڕوبدات، ئەم (شێوە میدیایانە) لێی بەرپرسیارن".
ئەو بەرپرسە باڵایەى ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران چیتر لەشەڕی
میدیاییدا تەنها بەرگریی ناکات، بەڵکو هێرشدەکاتەسەر سەرچاوەی تێکدانی ئاسایشی دەرونیی
کۆمەڵگە، ئەم ئیمپراتۆریەتە میدیاییەی ئیسرائیلى، بەرپرسی تێکدانی دەرونی مرۆڤایەتییەو
ئێمە وەک هێزە چەکدارەکان، ئەرکی خۆمانە ڕوبەڕوی ئەم سەربازە میدیاییانە ببینەوە".
شکارچی هۆشداریدا کە ئێران لەهەموو کایەکاندا ئامادەی ڕوبەڕوبونەوەیەو
چیتر ڕێگەنادات ئەو دەزگایانە بەناوی "میدیا"وە کار بۆ "ئاژاوەگێڕیی"
بکەن. ئەم پەیامەی سوپاو هێزە چەکدارەکانى تاران، وەک ئاگادارکردنەوەیەکی کۆتایی لێکدەدرێتەوە
بۆ ئەوکەسانەی لەو دەزگایانەدا کاردەکەن، کە لەمەودوا لەژێر چاودێرییو وردبینیی
"بانکی ئامانجە سەربازییەکانی ئێران"دا دەبن.
