عێراق گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌موچه‌دا ئاشكراده‌كات

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لەلیستی شەهیدان و بریندارانی تیرۆر ئاشکراكردو ڕایگه‌یاند،  مووچەی نایاسایی زیاتر لە 34 هەزار کەس دەبڕێت، كه‌به‌هۆیه‌وه‌ بڕی زیاتر له‌تریلیۆنێك و 37 ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.


ده‌سته‌كه‌ ئاشكراشیكردوه‌، ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگیی دەزگای شەهیدان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدراوەو له‌ئەنجامی وردبینییەکاندا دەرکەوتوە کە 34 هەزار و 500 مامەڵەی خانەنشینی کێشەی یاساییان هەبوە، بەشێکیان ساختەکارییان تێداکراوە، بەشێکیان ڕێژەی پەککەوتەیی پزیشکییان بەنایاسایی بۆ بەرزکراوەتەوەو بەشێکی دیکەشیان بەهۆی تێوەگلان لەکارە تیرۆریستییەکانەوە ڕێگریی ئەمنییان لەسەر بوە.

ماهیر حوسێن ڕەشید، سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم مووچانەی بڕدراون، بەنایاسایی و لەسەر حیسابی شایستەی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ڕاستەقینە وەرگیرابون.

ده‌شڵێت،  تەنیا لەڕێگەی بڕینی ئەم موچە نایاساییانەوە، توانراوە تریلیۆنێك و 37 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنرێتەوە.