سێنتكۆم: هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێرانمان به‌ته‌واوى وه‌ستاندوه‌

ئابوری

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 228 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی  ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتنێکی گەورەیان لەگه‌روى هورمز بەدەستهێناوەو دەشڵێت، لەکاتی دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەوە، ئێران نەیتوانیوە هیچ بڕە نەوتێک هەناردە بکات.


ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا دوایین زانیارییەکانی دەربارەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو ڕاشیگەیاند کە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لەناوچەکەدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دژی ئێران و پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانین.

ئەدمیراڵ کوپەر ئاماژەی بەوەشکرد، تیمە تایبەتەکانیان بەهاوکاریی ژێر دەریاییەکان و هێزی دەریایی و ئاسمانی، "سیستمی جیاکردنەوەی هاتوچۆ" (TSS)ـیان لەهه‌روى هورمز لەمینەکانی ئێران پاککردوەتەوە. 

کوپەر ئەو رێڕەوانەی بەئۆتۆبانی کەشتییەکان لەئۆقیانووسەکاندا وەسفکردو وتی: "ئەمڕۆ رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان کراوەن و هاتوچۆ تێیاندا ڕو لەزیادبونه‌".

سەبارەت بە کاریگەریی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەسەر بازاڕی وزە، فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرایکرد،" لەمانگەکانی ڕابردودا، یارمەتیی تێپەڕبونی نزیکەی 1500 کەشتیی بازرگانیمان داوه‌".

کوپەر جەختی لەوە کردەوە، گەمارۆکەیان بۆ سەر ئێران یەکجار کاریگەر بوە و وتیشى، "ئێران لەناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە هیچ نەوتێکی هەناردە نەکردوەو هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئێمە نەچوەتە ناو بەندەرەکانی ئێران و لێشیان دەرنەچوە، تەنیا لەبەر هۆکاری مرۆیی رێگەمان بەهەندێک کەشتی داوە".

فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئەمریکا بەزیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکە چاودێریی ناوچەکە دەکات. لەو ماوەیەدا، هێزەکانی ئەمریکا رێگرییان لە 75 کەشتی کردوە کە ویستویانە گەمارۆکە بشکێنن، هەروەها سێ کەشتیشیان بەهۆی پابەندنەبون بەرێنماییەکانەوە لەکارخستوە.

لەکۆتایی پەیامەکەیدا، ئەدمیراڵ براد کوپەر دەستخۆشی لەسەربازانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانی سێنتکۆم "بڕیاردەر و بێبەزەیی" دەمێننەوە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو سەقامگیریی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.