لە ئەمریکاوە هۆشداریی لە درێژەکێشانی جەنگی ئێران دەدرێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیۆن پانيتا، وەزیری پێشووتری بەرگریی ئەمریکا و بەڕێوەبەری پێشوتری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هۆشداریداوە کە شەڕ لەگەڵ ئێران مەترسیی ئەوەی لەسەرە بێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی بێ کۆتایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەنگە 6 مانگی دیکەش بەردەوام بێت.

 پانيتا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا و ئێران لە چەقبەستوویییەکی ترسناکدان و چارەسەری ئاسانیان لەبەردەمدا نییە، ئەمەش وای کردووە جەنگەکە بەرەو چارەنووسی شەڕە شکستخواردووەکانی وەک عێراق و ئەفغانستان بڕوات.

هەروەک ڕەخنەی توندی لە ڕەوشی ناوخۆیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گرتووە و ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکدا دەنێردرێنە شەڕەوە کە پشێوی لە پێکهاتەی فەرماندەییدا هەیە، ئەمەش بەپێی وتەی ئەو پەیامی لاوازی دەنێرێت بۆ نەیارانی وەک چین، ڕووسیا، کۆریای باکوور و ئێران.

لە بەرامبەردا شۆن بارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن، ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردۆتەوە و ڕایگەیاند وەزارەتەکە بەتەواوی توانایەوە لەژێر فەرماندەیی بێس هیگسێتدا کار دەکات و ئەوەی ڕوودەدات چاکسازییە.

پانیتا جەختی کردۆتەوە کە 3 بژارە لەبەردەم ترامپدا هەن؛ یەکەمیان کشانەوە و دانپێنانی شکستە کە ئاسان نییە جێبەجێ بکرێت. بژارەی دووەم درێژەدانە بەم چەقبەستووییە و هێرشی بەردەوام بێ ئەوەی لایەنەکان بچنە ژێر باری دانوستان یان خۆدەستەوەدان، کە ئەمەش شەڕێکی تری درێژخایەنی لێ دەکەوێتەوە.

 بژارەی سێیەمیش ئەوەیە ئەمریکا بە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز باڵادەستی بەسەر بەهێزترین کارتی گوشاری ئێراندا بگرێت، چونکە بەبڕوای پانیتا تەنیا لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لەم جۆرە و کردنەوەی گەرووی هورمزدایە کە ئەمریکا دەتوانێت سەركەوتن لەم جەنگەدا بەدەستبهێنێت.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی