عێراق بۆمبە تەوقیتکراوەکەی کەمپی هۆل پوچەڵدەکاتەوە؛ 21 هەزار گەڕاوە ئامادەکراونەتەوە

عیراق

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کۆچ‌و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، تەنها 1200 عێراقی لەکەمپی هۆل ماونەتەوەو بەمزوانە دۆسیەکە بەتەواوی دادەخرێت؛ بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت، "21 هەزار گەڕاوە لەڕوی دەرونی‌و کۆمەڵایەتییەوە ئامادەکراونەتەوەو تائێستا هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنییان لێنەکەوتوەتەوە".

 

کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ‌و کۆچبەرانى عێراق به‌ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ى وتوه‌، "کەمپی هۆل لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وابوو کە هەر ساتێک ئەگەری تەقینەوەی هەبوو، بەڵام عێراق لەپوچەڵکردنەوەی ئەم بۆمبانە سەرکەوتوبوو، ئێستا تەنها ژمارەیەکی کەم لەعێراقییەکان لەوێ ماون".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی ئاوارە عێراقییەکان کە لەکەمپەکەدا ماونەتەوە تەنها نزیکەی 1200 کەسە، کە ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە".

نوری وتوشیه‌تى، "21 هەزار کەس گەڕێندراونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان کە ئەمە ژمارەیەکی گەورەیە، لەو ناوچانەشی بۆیان گەڕاونەتەوە هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی تۆمارنەکراوە، ئەمەش سەرکەوتنی ئێمە لەئامادەکردنەوەی کۆمەڵایەتی‌و دەرونیی ئەوکەسانە دەسەلمێنێت".

لەئەیلولی ساڵى 2025، بەهەوڵی چڕی عێراق‌و بەهاوکاری نەتەوەیەکگرتوەکان، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی فراوان لەبارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕێوەچوو بۆ تاووتوێکردنی ڕێگه‌کانی چارەسەری کەمپی هۆل‌و هاندانی وڵاتان بۆ وەرگرتنەوەی هاوڵاتییەکانیان، وەک ئامادەکارییەک بۆ داخستنی یەکجاریی کەمپەکە.