هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا چییه‌؟ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ کاریگەرییەکی لەسەریان هەیە؟

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەتشرینی دوەمی داهاتودا، دەنگدەرانی ئەمریکا ڕوو لەسندوقەکانی دەنگدان دەکەن بۆ هەڵبژاردنە نیوەییەکان، ئەم هەڵبژاردنە تەنها پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جەنگ‌و ڕوداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت؛ چونکە دەکرێت هاوسەنگیی سیاسیی لەکۆنگرێس سەرەوژور بکاتەوەو تواناکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەردەوامبون لەسیاسه‌تەکانی ئێستای دیاریبکات.


هەڵبژاردنە نیوەییەکان
ئەم هەڵبژاردنە وەک جۆرێک لەڕاپرسی (ئیستفتا) وایە لەسەر سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دەکرێت کۆنگرێس دابڕێژێتەوەو شێوازی مانەوەی سەرۆک لەدەسەڵات دیاریبکات، پڕۆسەکەش ئەمانە دەگرێتەوە:

لە 3ی تشرینی دوەمی 2026 بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران (435 کورسی).
هەڵبژاردنی 35 ئەندام لەکۆی 100 ئەندامی ئەنجومەنی پیران.
هەڵبژاردنی 36 پارێزگاری ویلایەتەکان.
چەندین هەڵبژاردنی خۆجێی دیكه‌.


لەئێستادا، کۆمارییەکان زۆرینەیەکی کەمینەیان لەکۆنگرێس هەیە؛ دیموکراتەکان تەنها پێویستیان بەسێ کورسییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، لەئەنجومەنی پیرانیشدا، کۆمارییەکان 53 کورسی‌و دیموکراتەکان 47 کورسییان هەیە، واتە بەدەستهێنانی چوار کورسیی دیكه‌ لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەواتای کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجومەنی پیران دێت.

هەڵبژاردنی ئەمریکاو قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هەرچەندە ئەم هەڵبژاردنانە زۆرتر جەخت لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی‌و ئابوریی دەکەنەوە، بەڵام ئەمجارە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسێ میحوەرەوە قورساییەکی زۆری هەیە:
1ـ دەنگی ئەمریکییە موسڵمانەکان کە بەڕەچەڵەک عەرەبن‌و نەتەوەکانی دیكه‌: دەوری موسڵمانانی بەڕەچەڵەک عەرەب‌و نەتەوەکانی دیكه‌ لەگۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکادا بەهێز دەردەکەوێت، بەتایبەت لەڕێگەی کاندیدانی پارتی دیموکرات‌و ڕەوتی "سۆشیالیست دیموکرات"، هەڵبژاردنی "زەهران مەمدانی" وەک سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک نمونەیەکی بەهێزی ئەم دەورەیە، هەروەها کاندیدبونی کەسانی وەک "عەبدولسەید" بۆ ئەنجومەنی پیران لەویلایەتی میشیگان، فشارێکی زۆری خستوەتە سەر ڕێکخراوەکانی وەک "ئیپاک" کە پشتیوانی لەپەیوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دەکەن.

2ـ ئابوریی‌و نرخی نەوت: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەرگای ئابورییەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەکان؛ نرخی سوتەمەنی لەئەمریکا گەیشتوەتە ئاستێکی پێوانەیی (5.85 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک دیزل)، بانکە جیهانییەکان مەزەندە دەکەن کە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنە هۆی لەدەستدانی زیاتر لەدوو ملیار بەرمیل نەوت لەدابینکردنی جیهانی تا کۆتایی 2026، کەمبونەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی هورمز کە ئێران کۆنتڕۆڵی کردوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گیرفانی دەنگدەری ئەمریکی دەبێت.

3ـ جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، ڕاوێژکارە باڵاکانی ترەمپ فشاردەکەن بۆ ئەوەی ڕێگریی لەپەرەسەندنی جەنگ لەگەڵ ئێران بگرن پێش هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی زیان بەدەنگەکانی پارتی کۆماری نەگات.

ئەم جەنگانە بونەتە هۆی دابەزینی جەماوەریی ترەمپ لەناو لایەنگرانی ڕەوتی (ماگا)؛ چونکە ترەمپ بەڵێنیدابوو لەهەموو جەنگەکان بکشێتەوەو گرنگی بەناوخۆی ئەمریکا بدات، دوایین ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە 60٪ی ئەمریکییەکان ناڕازین لەناردنی هاوکاریی سەربازیی زیاتر بۆ ئیسرائیل، هەروەها هەمان ڕێژە (60٪) دژی هێرشی سەربازیی ئەمریکان بۆسەر ئێران.

زۆربەی چاودێران کۆکن لەسەرئەوەی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لەم هەڵبژاردنەدا دەگێڕێت، چونکە دەرەنجامی قەیرانەکانی ئەو ناوچەیە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بژێوی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی ئەمریکی هەیە.