شارپرێس:
رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی شیکارییەکی نوێی لەبارەی دۆخی
کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردوەتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە،" بەراورد بە 10 ساڵ
لەمەوبەر، پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بوەو دەستکەوتەکانی لە سوریا و عێراق بەرەو
نەمان دەچن ".
ڕۆژنامەی
ئۆرشەلیم پۆست لە شیکارییەکدا نوسیویەتی، کورد نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لە بەهێزترین پێگەی سیاسی و سەربازیی مێژوی
هاوچەرخی خۆیدا بوە، کاتێک هێزە کوردییەکان ناوچەیەکی بەرفراوانیان لەبەشێکی عێراق
و سوریا کۆنترۆڵکردبوو.
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانە سەرەکییەکانی
پاشەکشەی سیاسی کورد لە عێراق بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە مانگی نۆی
2017 ناو دەبات، کە دواتر بە پشتیوانی وڵاتانی دورەبەر هێزەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق
و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران چونە ناو ناوچە کێشەلەسەرەکان و هەرێمی کوردستانیش
کۆنتڕۆڵی بەشێک لەو خاکانەی لەدەستدا کە کۆنتڕۆڵی کردبوو، لەنێویاندا کەرکوک.
ڕۆژنامەکە پێیوایە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی
کوردستانی عێراق لەوانەش پارتی و یەکێتی توانای کوردی کەمکردەوە بۆ وەڵامدانەوەی بەهێز
بە پێشهاتەکانی دوای ڕیفراندۆم.
بەگوێرەی
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، سنوردارکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا بە
شێوەی سەربەخۆ وایکرد سەربەخۆیی ئابوریی هەولێر لە ساڵانی دواتردا کەم ببێتەوە.
لە هەمان کاتدا،
ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە ئەگەری کەمبونەوەی هاوکارییە ئەمنییەکانی
ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە داهاتوی ئاسایشی هەرێمی
کوردستانیشی لێکەوتوەتەوە.
بەرچاوترین پەرەسەندنی ئەم دواییە لە ڕۆژئاوا هەڵوەشاندنەوەی
هێزەکانی سوریای دیموکرات بوە لە 25ی مانگی هەشتدا، هەروەها بڕیارەکە هەڵوەشاندنەوەی
ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی
لە پێکهاتەی حکومەتی سوریادا دەگرێتەوە.
