شارپرێس:
بڕیاری کتوپڕی لادانی (ئۆکتای ساراڵ)، ڕاوێژکاری
باڵای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کاردانەوەی قورسی لەسەر ئاستی دیپلۆماسیی ناوچەکە لێکەوتوەتەوەو
بوەتە مانشێتی سەرەکیی سەرجەم میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئازەربایجان، بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی
فەرمیی ڕۆژنامەی (ئێڤرەنسەل) باکۆ ئەم بڕیارە کتوپڕەی ئەنكەرە وەک هەنگاوێکی ئەرێنیو
گرنگ سەیردەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو گرژییە دیپلۆماسییە توندەی کە لەماوەی ڕابردودا
بەهۆی دۆسیەی باڵاپۆشی لەقوتابخانەکانی ئازەربایجاندا لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروست
ببوو.
ئۆکتای ساراڵ کە لەساڵی 2016وە وەک ڕاوێژکاری
باڵای سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا كاریكردوه، لە25ى ئهم مانگهدا بەفەرمی ڕایگەیاند،
بەفەرمانی ڕاستەوخۆی ئەردۆغان لەپۆستەکەی دورخراوەتەوە.
کاتێکیش ڕۆژنامهنوسان لێیان پرسیى، ئاخۆ بڕیارەكه
بەهۆی لێدوانە توندەکانی بوە دژ بەدەسەڵاتدارانی باکۆ، ناوبراو وتی، "بەڵێ،
وا دەردەکەوێت".
چاودێرانى سیاسیى لهتوركیا پێیانوایه، ئەم
بڕیارە تەنهاچەند ڕۆژێک دوای ئەوەدێت، ئەردۆغان لە21ى ئهم مانگهدا بەتەلەفۆن پەیوەندیی
بەئیلهام ئەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجانەوە کردو بەفەرمی داوای لێکرد، بهشداریى
لەلوتکەی داهاتوی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورکدا (TDT)
بکات کە بڕیارە لەڕۆژانى (29و 30) ئەم مانگە لەئەنكەرە بەڕێوەبچێت.
سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، سەرەتای کێشەکە
لە21ی ئەیلولی ڕابردوەوە دەستیپێکرد، کاتێک حکومەتی ئازەربایجان یاسایەکی نوێی بۆ ڕێکخستنی
یەکپۆشیی جلوبەرگی قوتابخانەکان دەرکردو تێیدا بەکارهێنانی هەر جۆرە کڵاو یان سەرپۆشێکی
قەدەغەکرد بەو پاساوەی کە لەگەڵ پرەنسیپی دەوڵەتدا ناگونجێت، هەرچەندە لەدەقەکەدا ڕاستەوخۆ
ناوی حیجاب نەهێنرا بوو، بەڵام ڕێگریی لەچونە ژورەوەی کچانی باڵاپۆش کرا، ئەم بڕیارە
شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتیی لەلایەن بەرپرسانی ئاکپارتیو کەسایەتییە دیارهكانى
تورکیاوە لێکەوتەوە.
لهو نێوهندهشدا، ئۆکتای ساراڵ ڕاوێژكارى
ئهوكاتى ئهردۆغان، بەتوندی هێرشیکردەسەر باکۆ، دواى لێدوانه توندهكانى بهرپرسانى
ئهنكهرهو لهناویاندا ساراڵ، پارتی فەرمانڕەوای ئازەربایجان ئەم لێدوانانەى وەک
دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لەکاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی سەرکۆنە كرد.
ئاژانسە فەرمییەکانی ئازەربایجان وەک «APA»و «Trend»و
ماڵپەڕی «Globalinfo» بڵاویانکردەوە، ساراڵ بەفەرمی بەهەڕەشەکردن
لەئازەربایجان تۆمەتباركراوهو لادانو دورخستنهوهى لهپۆستهكهى، نیشانەی سەرکوتکردنی
ئەو گروپە ئایینیو سیاسییانەیە لەناوخۆی تورکیادا کە دەیانویست درز بخەنە ناو پەیوەندیی
ستراتیژیی نێوان باکۆو ئەنكەرەوه.
تۆفیق زولفێقارۆڤ وەزیری پێشوی دەرەوەی ئازەربایجان
ڕایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەم مەلەفەو دورخستنەوەی ساراڵ، كلیلى سەرکەوتنی پێشوەختەی
لوتکەی داهاتوی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورکە لەئەنكەرە.
