میدیای ئیسرائیل زانیاریى له‌باره‌ى پلانێكى هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران ئاشكراده‌كات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیای ئیسرائیل ئاشکرایکردوە، سەرکردایەتیی سەربازیی ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی هێرشێکی خێرای ئەمریکا بۆسەر ئێران، دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی کۆنگرێس کە هەفتەی داهاتوو ئەنجامدەدرێن، ببێتە هۆی مانەوەی ڕژێمی ئێران‌و نەهاتنەدی ئامانجەکانی جەنگی ئیسرائیل.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "هائارێتس"، بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەنجامدانی هێرشە سەربازییەکان، لەگەڵ تاران ڕێککەوتنێک واژوبکات؛ ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئێران توانای بەرگریی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر لەڕابردوو بەهێزبکات، وەک ئەوەی دوای دوو خولەکەی پێشوی هێرشەکان کردویەتی.

ئەم هۆشدارییانە ئاماژە بەناکۆکیی نێوان ئیسرائیل‌و ئەمریکا دەکەن لەسەر ئامانجەکانی جەنگێکی نوێ دژی ئێران.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران‌و لەناوبردنی تەواوی بەرنامە ناوەکییەکەی بەئامانجی سەربازیی داناوە، لەکاتێکدا واشنتۆن هەوڵدەدات سازش لەتاران وەربگرێت‌و گەرەنتییەکانی سەلامەتیی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی هورمز بەدەستبهێنێت.

به‌گوێره‌ى هائارێتس، ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازیی‌و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل گومان لەوەدەکەن، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بتوانن ڕژێمی ئێران ناچار بەتەسلیمبون بکەن، چ جێگەی ئەوەی ڕژێمەکە بڕوخێنن.

هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل دەڵێن هێرشە نوێیەکان لەباشترین حاڵەتدا تەنها دەتوانن بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران دوابخەن، چونکە تاران قەڵغان‌و پاراستنی دامەزراوە هەستیارەکانی بەهێزکردوەو هێشتا توانای نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکەی هەیە.

فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل هۆشدارییان بەئەنجومەنی وەزیران داوە کە بەشداریی لەجەنگێکدا بێ ڕێککەوتن لەسەر ئامانجە هاوبەشەکان، ڕەنگە واشنتۆن دوای بەدیهێنانی مەرجەکانی خۆی لەجەنگەکە بکێشێتەوەو ئیسرائیل لەجەنگێکی کراوەدا بەجێبهێڵێت.

بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران دەتوانێت بۆ لانیکەم دوساڵی دیکە بەرگەی کاریگەرییەکانی جەنگ‌و گەمارۆی دەریایی بگرێت، ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "تاران دوای هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەساڵی 2024وە، بەخێرایی توانای بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستیی خۆی نۆژەنکردوه‌تەوە".

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی موشەکەکانی ئێران لەنێوان شەڕی حوزەیرانی 2025و شوباتی 2026دا نزیکەی دوو هێندە بوەو گەیشتوه‌تە 2500 موشەک، هەرچەندە زیاتر لە 20000 هێرشی ئەمریکاو ئیسرائیلی کراوەتەسەر.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی ئیسرائیلیی 15 ڕایگەیاندوە، سوپای ئیسرائیل ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردنەسەر ئێران تەواو کردوەو لە"بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدایە".

هەڵسەنگاندنە سەربازییەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، ڕوبەڕوبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ڕەنگە ببێتە هۆی چالاکبونەوەی بەرەیەکی دیکە دژی حزبوڵڵای لوبنان‌و هەڕەشەی موشەک‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەباکور زیادبکات.

کەناڵەکە دەڵێت، "ئەم گرژییانە لەکاتێکدا زیاد دەکەن کە ئیسرائیل لەگەڵ گرژییە سیاسییە ناوخۆییەکان‌و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەمریکا ڕوبەڕویە، ئەو بارودۆخەش بڕیاردەرانی ئیسرائیل لەبەردەم خاڵێکی چارەنوسسازدا داناوە.