شارپرێس:
گەورەترین توێژینەوە لە جۆری خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە پۆشینی جل و بەرگی ژێرەوەی تەسک پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی کوالێتیی سپێرمەوە هەیە.
توێژەران بۆ ماوەیەکی درێژ هۆشدارییان بە پیاوان داوە کە جل و بەرگی ژێرەوەی تەسک ڕەنگە پلەی گەرمیی ناوچەی ئەندامی زاوزێ بەرز بکاتەوە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندرووستیی سپێرم هەبێت، بەڵام بەڵگەی زانستیی فراوان لەم بارەیەوە سنووردار بووە.
لە توێژینەوەیەکی نوێی چینیدا، توێژەران دۆخی سپێرمی 21,221 پیاوی پۆشەری جل و بەرگی فراوان و 5,615 پیاوی پۆشەری جل و بەرگی تەنگیان بەراورد کردووە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە پۆشینی جل و بەرگی تەسک پەیوەندیی بە زیادبوونی ئەم ڕێژانەوە هەیە:
- 18% زیادبوونی گریمانەی کەمبوونی بڕی شلەی سپێرم.
- 12% زیادبوونی گریمانەی کەمبوونی ژمارەی سپێرمی جووڵەدار.
- 48% زیادبوونی گریمانەی کەمبوونی سپێرمی شێوە ئاساییەکان.
- 108% زیادبوونی ئەو سپێرمانەی DNAیان زیانی بەرکەوتووە.
توێژینەوەکە هەروەک ئاماژەی بەوە داوە کە لاوازیی چالاكی ئەندامی زاوزێ و زوو تەواوبوونی پەیوەندیی سێکسی لە پیاوانی پۆشەری جل و بەرگی تەسک زیاتر بووە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئاسیایی زانستی ئەندرۆجین بڵاوکراوەتەوە. توێژەران پێیان وایە پۆشینی جل و بەرگی فراوان هەنگاوێکی سادەیە کە ڕەنگە یارمەتیی پاراستنی کوالێتیی سپێرم بدات.
بەڵام توێژینەوەکە ناتوانێت بسەلمێنێت کە جل و بەرگی تەسک هۆکاری ڕاستەوخۆی کەمبوونەوەی کوالێتیی سپێرمە؛ چونکە تەنیا پەیوەندییەک لە نێوانیاندا دەردەخات.
لە ڕووی زانستییەوە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی کیسەی گون لە کاریگەرییە نەرێنییەکانە لەسەر کارکردنی گونەکان. سپێرم لە پلەی گەرمییەکی 2 تا 3 پلەی سەدی کەمتر لە پلەی گەرمیی جەستەدا باشتر پەرە دەسێنێت.
جل و بەرگی تەنگیش ڕەنگە بەهۆی کەمکردنەوەی هەواگۆڕکێ، پلەی گەرمیی ئەو ناوچەیە تا 1 پلەی سەدی بەرز بکاتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
