ڕوسیا هۆشداری توند دەداتە تاران: خۆت لە هێرشێكی مەترسیدار بپارێزە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1659 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە دیپلۆماسییەكانی ئاگادار لە هەوڵەكانی نێوەندگیری نێوان واشنتۆن و تاران ئاشكرایان كردووە، كە ڕوسیا زانیاریی و هۆشداریی توند و بەپەلەی بە ئێران گەیاندووە سەبارەت بە پلانە سەربازییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل كە ژێرخانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەكاتە ئامانج، لە هەمووی گرنگتر دامەزراوەی ژێرزەمینیی كوڵینگ، ئەمەش لە كاتێكدایە كە مەترسی هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خولێكی نوێی هێرشەكان دەستپێبكاتەوە.

سەرچاوەكان ڕایانگەیاندووە، ئەو زانیاریانەی مۆسكۆ بە بەرپرسانی ئێرانی داوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی پەیوەندیدار بە پیتاندن و هەڵگرتنی یۆرانیۆم لە سەرووی لیستی ئامانجەكاندان كە لە دانوستانە سەربازییەكانی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب تاوتوێ دەكرێن، لەژێر فشاری بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستپێكردنی لێدانی گورزێكی چارەنووسساز لە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هۆشدارییەكانی ڕوسیا لەگەڵ بانگەوازێكی ڕاستەوخۆدا بووە كە تاران بچێتە دانوستانێكی بەپەلە لەگەڵ واشنتۆن، بە ئامانجی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك كە ناكۆكییە ئەتۆمییەكان بەشێوەیەكی كاتی كەمبكاتەوە. ئەمەش بریتی دەبێت لە تاوتوێكردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی كۆگاكانی ئێران، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پەرەسەندن و دووركەوتنەوە لە ڕوبەڕووبونەوەی سەربازی نوێ.