بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن ڕۆژانە دەبێت چەند بەپێ بڕۆین؟ ژمارەیەکی شۆککەر ئاشکرابوو

تەندروستی

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1352 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆیشتن یەکێکە لەئاسانترین ڕێگه‌کان بۆ کۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن‌و پاراستنی تەندروستیی دڵ، بێئەوەی پێویستت بەوەرزشی قورس یان چونە یانەی وەرزشی هەبێت.


بەڵگە زانستییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، پێویستە کەسەکان لانیکەم 150 خولەک لەهەفتەیەکدا چالاکیی جەستەیی مامناوەند ئەنجامبدەن.

ئەم ئامانجە بەڕۆیشتن بۆ ماوەی 30 خولەک، لەپێنج ڕۆژی هەفتەدا، بەئاسانی بەدەستدێت.

جۆزێف ئیبینگەر پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی دڵ لەپەیمانگه‌ی دڵی سمیدت، جەخت لەوەدەکاتەوە، "هەر ڕۆیشتنێک باشترە لەهیچ"، گرنگترین شتیش بەردەوامبونە لەجوڵەو گەیشتن بە150 خولەک چالاکی لەهەفتەیەکدا.

سۆلۆمۆن بینستۆک پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ لەنەخۆشخانەی ماونت ساینای نیویۆرک، پێشنیازی ڕۆیشتن بەخێرایی دەکات، بەجۆرێک کە هەناسەدان خێراتربێت‌و لێدانی دڵ زیادبکات، بەڵام هێشتا بتوانیت بەئاسانی قسە بکەیت، خێرایی گونجاو نزیکەی 4.8 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا دەبێت.

توێژینەوەیەکی نوێش ئاماژەی بەوەکردوە، دابەشکردنی 150 خولەک ڕۆیشتن بەسەر چوار گەڕدا کاریگەریی زیاتر لەسەر نزمکردنەوەی فشاری خوێن هەیە، بەبەراورد بەئەنجامدانی لەدوو گەڕی درێژدا، بەڵام بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئەنجامە پێویستی بەتوێژینەوەی زیاتر هەیە.

به‌گوێره‌ى ڕونکردنەوەی پزیشکان، بەردەوامبون لەڕۆیشتن دەتوانێت لەماوەی نزیکەی سێ مانگدا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر فشاری خوێن دابنێت، هەروەک ڕۆیشتن یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی کێش، باشترکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ‌و ڕێکخستنی شەکری خوێنیش دەدات.

پزیشکان پێشنیازی ڕۆیشتنی خێرا بۆ ماوەی 30 تا 40 خولەک، لەپێنج ڕۆژی هەفتەدا دەکەن، بەڵام جەخت لەوەدەکەنەوە، دەستپێکردن بەماوەیەکی کەم‌و زیادکردنی بەپلەیی، باشترین ڕێگه‌ی بەردەوامبونە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە بەردەوام بیت؛ چونکە تەنانەت ڕۆیشتنێکی کورتیش دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ پاراستنی دڵ‌و کۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن.