نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى موچەی مانگی سێ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

28/03/2024‌ 8449 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكرد، له‌نێوان هه‌ردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتن لەسەر پرسی موچە كراوه‌، ده‌شڵێت:"ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی سێ دەستیپێکردوەو هەفتەی داهاتوش ڕەوانەی بەغدا دەکرێت"، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، لەمڕۆوە دەستە، فەرمانگەو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم دەستدەکەن بەئامادەکاریی لیستی موچەی مانگی سێ بەپلە بەرزکردنەوەوە.


میدیاى نزیك له‌پارتى بڵاویكردۆته‌وه‌، دوێنێ چوارشەممە سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتی میلاکاتی وەزارەت، دەستەکانی حکومەتی هەرێم‌و بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی بۆ  قسەکردن‌و پێدانی زانیاریی لەبارەی چۆنیەتی ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی ئادار (سێ)ی فەرمانبەران بەپلە بەرزکردنەوەوە؛ کۆبونەتەوە.

ئه‌و زانیاریانه‌ له‌زارى سەرچاوەیەکی ئاگاداره‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، دەستە، فەرمانگەو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم لەمڕۆ پێنجشەممەوە، دەستدەکەن بەئامادەکاریی لیستی موچەی مانگی ئادار (سێ) کە تێیدا پلەی فەرمانبەران بەرزکرابێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هەرێمی ڕاسپاردوە دەستبکەن بەدابەشکردنی موچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی موچەی مانگی سێ‌و مانگەکانی داهاتوش، وتیشی، "ئێمە حکومەتی فیدراڵیی دەخەینەبەر بەرپرسیارتییەکی دەستوریی‌و ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بەئێمەیانداوە بۆ دابینکردنی موچەکان جێبەجێبکەن".

هه‌ر دوێنێش ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، وردبینیی لەکۆدی هێزەکانی پێشمەرگەو کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن چاودێریی دارایی هەرێمەوە تەواوکراوەو ڕەوانەی بەغدا کراو چاوەڕێدەکرێت ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ تەواوکاریی موچەی مانگی دوو بنێردرێت‌و سەرەتای هەفتەی داهاتوش دەست بەدابەشکردنی موچە بکرێت.

هاوکات عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچونیش ڕایگه‌یاندوه‌، "سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر پرسی موچە ڕێککەوتون، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێم بوو کردویەتی، هەروەها ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی سێ دەستیپێکردوەو هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدا دەکرێت".