ڕاگه‌یه‌نراوى هاوبه‌شى بایدن‌و سودانى بڵاوكرایه‌وه‌

کوردستان

16/04/2024‌ 5189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی دیداری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاو محەممەد شییاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقى بڵاوکردەوە، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، هەردوولا جەختیان لەگەیشتنی نەوتی عێراق بەبازاڕەکانی جیهان کردوەتەوەو خواستیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەربڕیوە.


هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتوە، "سەرۆکی ئەمریکا پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق سەبارەت بەچارەکردنی کێشەکانی موچەو دابینکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕبوە".

بایدن پشتیوانی خۆی بۆ چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی لەعێراق دەربڕیوە، لەنێویاندا بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادەپەروەرو شەفاف لەهەرێمی کوردستان.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگەیەندراوەكه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، هێزە عێراقییەکان‌و هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لەتێکشکاندنی داعش بینیوەو شکستهێنان بەداعش وەک فاکتەرێکی سەرەکی دەستەبەرکردنی ئاسایشی عێراقیان ناوبردوە.

جۆ بایدن‌و سودانی هەرێمی کوردستانیان وەک بەشێکی دانەبڕاو لەکۆی سیستەمی ئاسایش‌و سەقامگیریی عێراق وەسفکردوە.