پارتى له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

16/04/2024‌ 5053 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى باڵاى پارتى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، حزبه‌كه‌ى هێزێکی گەورەی سیاسییە لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستان، ده‌شڵێت:"ئەو ڕاستییە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان لەبەغدا درکیان پێکردوە کە بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت".


لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەکاتێکدا هەڵبژاردن دەکرێت کە سەرجەم لایەنەکان‌و هێزە سیاسییەکان تێیدا بەشداربن، ئەو تێبینیانەی پارتیش هەیبوە تێبینی جدین‌و تایبەتە بەگەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتیی.

ده‌شڵێت:"پارتی هێزێکی گەورەی سیاسییە لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستان، بەبێ پارتیش هەڵبژاردن ناکرێت، ئەوە ڕاستییەکە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان لەبەغدا درکیان پێکردوە، بۆ ئەوەی ئەو تێبینیانەی پارتی بەهەند وەربگیرێت".

وتیشى:"ئێمە لەگفتوگۆین لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، چونکە هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە، بۆ نمونە بێبەشکردنی 400 هەزار دەنگدەری خەڵکی کوردستان لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان لەدەنگدان بسوتێ ئەمە پێشێلکردنێکی دەستورییە، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی داواکارییەکانی پارتی جێبەجێبکرێت".

به‌وته‌ى شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا "لەو بڕوایەداین بەگوێره‌ى وتەکانی کۆمسیۆن کە دەڵێت، پێوستمان بەماوەیەکە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ناوانە تەواوبکەین، جا ئەوە ماوەکەی چەندبێت‌و لەگەڵ تێبینییەکانی پارتی، چەند دوادەکەوێت‌و دەکرێت، ئەوە بابەتێکی دیکە دەبێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ڕۆژی 3ى ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەمەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانى دیاریکرد کە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەدەچێت.