داوا لە جوتیاران دەکرێت پەلەبکەن لە دروێنەکردنى بەرهەمەکانیان

کوردستان

26/04/2024‌ 427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

شارەزایەکى بوارى کشناسی ڕایدەگەیەنێت، لە هەفتەى داهاتوودا شەپۆلێکى بارانبارینى بەهێز ڕوو لە هەرێمى کوردستان دەکات و داوا لە جوتیاران دەکات، پەلەبکەن لە دروێنەکردنى جۆ و گەنم.

سیروان ساڵەح، سارەزای بوارى کەشناسی لە فەیسبوکى خۆى نوسیویەتى: شەپۆلێک بارانبارین ناوبەناو لە نێوان کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمەى هەفتەى داهاتوو تا دووشەمەى دواتر بە کاریگەری دوو شەپۆلی چالاک و بەهێز دەبێت.

ئاماژەى بەوەکردووە، سەرچاوەی هەردوو شەپۆلەکه هەردوو دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستە، جگەلەوەش ئەگەرهەیە شێی خولگەیی دەریای عەرەب و باشووری سودان شەپۆلەکە زیاتر بەهێز بکات و هەوری بەهێزی کەڵەکە یان سۆپەرسێڵ دروست ببێت.

نوسیویشیەتى: بەگشتی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە مانگی پێنج و لەم کاتەدا بۆ کشتوکاڵی گەنم و جۆ باش نییەو ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە زیانی زۆری دەبێت، چونکە لەم کاتەدا بای توند و بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکەو هەندێک کات تەرزەی لەگەڵە ئەمانە هەموویان زیانن بۆ گەنم و جۆ.

ئەو شارەزاییەى بوارى کەشناسی رێنمایی جوتیاران دەکات، کە باشترە پەلەبکەن لە دروێنەکردنی ئەو دانەوێڵانەى پێگەیشتوون، بۆ ئەوەی دووربن لە زیانەکانی ئەو دوو شەپۆلە.

بەپەلە