شارپرێس:
بڕیارە ئەمڕۆ دوشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا بەتەلەفۆن گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بکات، ئەمەش لەدوای بێئەنجامبونی دانوستانی ڕاستەوخۆی ئاگربەستی جەنگ لەئەستهنبوڵ، لەنێوان وهفدى دانوستانکاری ڕوسیاو ئۆکرانیا.
هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، ئەوکات چەندینجار ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستبەکاربونی لەسەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی بەجەنگی ڕوسیا – ئۆکرانیا دەهێنێت، بەڵام لەدوای چوار مانگ لەدەستبەکاربونی، تائێستا هەوڵە دیبلۆماتییەکانی بەئامانج نەگەیشتون.
دوای نزیکەی سێ ساڵ تێپەڕبون بەسەر جەنگی نێوان هەردوو وڵات، هەینی 16ی ئەم مانگە وهفدى دانوستانکاری ڕوسیاو ئۆکرانیا بەنێوەندگیریی تورکیا لەئەستهنبوڵ لەبارەی ئاگربەستو ڕاگرتنی جەنگ گفتوگۆیان کرد، بەڵام دوای دانوستانەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، دانوستانەکە مایە پوچ بوەو هیچی لێ بەرهەم نەهاتوە؛ هەربۆیە بڕیاریدا جارێکی دیکە بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ پوتن بکاتەوە.
بەوتەی خۆی، ترەمپ ئەمڕۆ دوشەممە جیا لەقسەکردن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، بەهەمانشێوە قسە لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا چەند سەرکردەیەکی هاوپەیمانی ناتۆش دەکات، ئومێدە دەکات، ئەمڕۆکە ڕۆژێکی بەرهەمداربێت بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگێک کە هەرگیز نەدەبوو ڕوبدات.
لەدانوستانە ڕاستەوخۆکەی ئەستهنبوڵ، وهفدى ڕوسیاو ئۆکرانیا ڕێککەوتن هەر یەکێکیان هەزار دیل ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام بەبێئەوەی هیچ پابەندبونێک بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاریی بکەن.
دوای کۆبونەوەکەش، ڕۆستەم ئومارۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا کە سەرۆکایەتیی وهفدى دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکرد، ڕایگەیاند، هەنگاوی داهاتووی دانوستان، کۆبونەوەی نێوان پوتنو زێلێنسکی دەبێت، بەڵام سەرۆکی وهفدى دانوستانکاری ڕوسیا ڕەتیکردەوەو بێئاگایی خۆیی لەداواکارییو کۆبونەوەیەکی وەها ڕاگەیاند.
