شارپرێس:
ڕۆژنامهیهكى ئیسرائیلى ڕایدهگهیهنێت، "ئەحمەد شەرع ڕازیی بوە پەیوەندییەکانی سوریاو ئیسرائیل ئاسایی بکرێتەوە".
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بەپشتبەستن بەسەرچاوەکانی بڵاویکردوهتەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، لەمیانی دانوستانە نهێنییەکانی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل، بەڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا ڕازیی بوە.
ڕۆژنامە عیبرییەکە باسی لەوەکردوە، ئەم دانوستانانە ئامانجیان ئەوەیە سوریا بچێتە پاڵ ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم دانوستانانە دوای کۆبونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو ئەحمەد شەرع هاتوە.
ڕۆژنامەکە لەزاری سەرچاوەکانییەوە ڕایگەیاندوە، وردەکارییەکانی ڕێککەوتنە ئەگەرییەکە بریتین لەئامادەیی ئەحمەد شەرع بەئامانجی:
• دانپێدانان بەسەروەریی یەکتر.
• دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسیی فەرمی.
• بەفەرمیی کۆتایی بەدوژمنایەتیی نێوانیان بهێنرێت.
• دامەزراندنی هاوکاریی ئابوریی.
• هاوبەشییەکی تایبەتی ئەمنیی سەبارەت بەبەرەنگاربونەوەی تیرۆرو توندڕەوی.
• ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیرییو کۆمەڵایەتیی بەئامانجی هاندانی پێکەوەژیانو لێکتێگەیشتنی یەکتر.
• کردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانیی نێوان هەردوو وڵات.
ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئاشتییە کە لەساڵی 2020 واژۆکراون، لەماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەنێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لەلایەکو ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبیو بەحرەین لەلایەکی دیکەوە.
لە 24ی نیسانی 2025، کۆری میڵز نوێنەری کۆمارییەکانی فلۆریدا، دوای دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی کاتیی لەسوریا خواستی خۆی بۆ پەیوەستبون بەڕێککەوتنەکانی ئەبراهام دەربڕیوە.
