تۆڕێكى تاوانكاریى ده‌ستگیركران.. بزانه‌ به‌نیازى چى بون؟

عیراق

01/06/2025‌ 4015 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەواڵگری عێراق دەستگیرکردنی تۆڕێکی تاوانکاریی ڕاگەیاند کە هەوڵیانداوە كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.


 دەزگای هەواڵگری عێراق ئاشكرایكردوه‌، لەسەر بنەمای زانیارییەكان‌و دوای دڵنیابونەوەو وەرگرتنی ڕەزامەندیی لەدادوەر، هێزەكانیان توانیویانە ئۆپه‌راسیۆنێك ئەنجامبدەن كە تیایدا تۆڕێكی تاوانكارییان دەستگیركردوە كە كردەوەی تیرۆریستییان لەوڵات ئەنجامداوە.

ڕونیكردوەتەوە، دوای ئەوەی لەمانگی شوباتدا تۆڕەكە هەوڵیاندا ژنە ڕۆژنامەنوسێكیان بكوژن، ڕوداوەكە بوە هۆی بەدەستهێنانی سەرداوی زانیاریی لەسەر ئەو تۆڕەو كردەوە تیرۆریستییەكانیان.

دەزگاكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بۆ دەستنیشانكردن‌و دەستگیركردنی سەرجەم ئەندامانی تۆڕەكە، پێشتر ڕەزامەندیی لەدەسەڵاتی یاسایی وەرگیرابوو، بۆیە لەئۆپه‌راسیۆنەكەدا هێزەكانیان هەڵیانكوتایەسەر حەشارگەكانیان‌و سەرجەمیان لەپارێزگاكانی وڵاتدا دەستگیركران.