شارپرێس:
مۆسکۆ هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا فراوانتر بکات بۆ ئەوەی زۆربەی ناوچەی ئۆدێسا بگرێتەوە، ئەمەش لەهەوڵێکدا بۆ لکاندنی بەخاکی ڕوسیا، بەلەبەرچاوگرتنی گرنگیی بەرچاوی ئەوشارە لەڕوی ستراتیژییو ئابورییو مێژوییەوە.
چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، ڕوسیا بەکۆنتڕۆڵکردنی شاری ئۆدێسا، دەتوانێت کیێڤ لەدەریای ڕەش داببڕێتو بەمەش گەیشتنی پشتیوانییەکانی وڵاتە ئەوروپییەکان بۆ ئەو وڵاتە پەکبخات.
سەرچاوە ئاگادارەکانی ڕوسیا ڕایانگەیاندوە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆک کۆمار بەنیازی ئەوەنییە بچێتە دانوستانێکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ پێشئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی ئۆدێسا دەستەبەربکاتو بەشێوەیەکی کاریگەر بیخاتە ناو ڕوسیاوه.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردوە، هیچ چارەسەرێکی سیاسیی گریمانهکراو لەلایەن مۆسکۆوە بەبێ ئەم مەرجە بنەڕەتییە لەبەرچاو ناگیرێت.
سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕوسیا هێرشێکی سەربازیی گەورەی کردەسەر بەندەری ئۆدیساو بەر کەشتییەکی گەورەی بازرگانیی کەوت کە 100 کۆنتێنەر کەرەستەی سەربازی ئۆکرانیای هەڵگرتبوو، ئەمەش بەوەرچەرخانێکی بنەڕەتیی لەڕەوتی شەڕەکاندا دادەنرا.
ئەم هێرشە گۆڕانکاریی لەئامانجە سەربازییەکانی ڕوسیادا نیشاندەدات، ئێستا سەرنجی لەسەر تێکدانی هێڵە گرنگەکانی دابینکردنە نەک ڕاستەوخۆ هەوڵی داگیرکردنی خاک بدات.
ئۆدێسا دەکەوێتە باشوری ئۆکرانیا لەکەنارەکانی دەریای ڕەش، ئەمەش شوێنێکی ستراتیژی گرنگی پێدەبەخشێت، ڕوبەرەکەی نزیکەی 236.9 کیلۆمەتری چوارگۆشەیەو ژمارەی دانیشتوانەکەی لەساڵی 2022دا گەیشتە نزیکەی 1010537 کەس، پێش دەستپێکردنی شەڕەکە.
شارەکە گرنگترین بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەخۆدەگرێت، هەروەک بارەگای فەرماندەیی باشوری هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، کۆگای گەورەی چەکو دامەزراوە سەربازییە گەورەکان لەخۆدەگرێت.
ئۆدێسا ناوەندێکی گرنگە بۆ بازرگانیی ئۆکرانیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، هەروەک دەروازەیەک بۆ گەیشتنی پشتیوانیی سەربازیی ڕۆژئاوا، هەروەک شارەکە بەبونی ژێرخانی پیشەسازییو کشتوکاڵی پێشکەوتوو جیادەکرێتەوەو چەندین دامەزراوەی گرنگی بەرهەمهێنان لەخۆدەگرێت.
لەڕوی مێژوییەوە ئۆدێسا پێگەیەکی تایبەتی لەڕوسیا هەیە، کە بەفەرمانی ئیمپراتۆری ڕوسیا کاترینی دوەم لەساڵی 1797 دامەزرا، ئەویش دوای دابەزینی هەژموونی عوسمانییەکان.
لەنێوان ساڵانی 1819 بۆ 1858 بەندەرێکی ئازاد بوە، پاشان لەسەردەمی سۆڤیەتدا بوە دیارترین بەندەری یەکێتیی سۆڤیەتو ناوەندێکی سەرەکیی هێزی دەریایی سۆڤیەت.
هەروەک ئۆدێسا بەبونی کەشوهەوای مامناوەند جیادەکرێتەوە، کە یەکێکە لەگەرمترین شارەکانی ئۆکرانیا لەوەرزی زستاندا، ئەمەش وایکردوە، ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ دانیشتوانو وەبەرهێنەران بەهەمانشێوە.
