لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتی عومرە ڕونکردنەوە دەدرێت

کوردستان

21/06/2025‌ 4189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێم ئاشكرایكرد، ناتوانن لەمكاتەدا گەشتی عومرە ئەنجامبدەن و دەڵێت، چاوەڕێی بارودۆخەكە دەكەن.


نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند، تاکو فڕۆکەخانەکان بە داخراوی بمێننەوە، ناتوانن گەشتی عومرە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم رێکبخەن.

باسی لەوەشکرد، لە یەکـی موحەڕرەم وەک هەموو ساڵێک دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەی ناردنی هاووڵاتییان دەکەن بۆ گەشتی عومرە، ئەمساڵیش تا پێش مانگی تەمموز، بەرنامەی نوێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە جێبەجێ دەکرێت بۆ ناردنی هاوڵاتییان بۆ گەشتی عومرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی گرژی بارودۆخەکەوە، ناتوانن دڵنیابن لە رێکخستنی گەشتەکان و هیچ دڵنیایەک نییە لەوەی کە رێگەی وشکانیش کێشەی تێناکەوێت.

هاوكات، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە لێدوانێكدا بە شارپرێسی ڕاگەیاند، كاردەكەن بۆ ئەوەی گەشتی عومرە لەمانگی 7 دا دەستپێبكەنەوە.

دەشڵێت، هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیەن لەناوەڕاستی مانگی تەمموز گەشتەكان دەستپێبكەنەوە.

وتیشی، ئێستا گەشتە ئاسمانییەكان بەگشتی ڕاگیراون و لەگەڵ ئاسایبونەوەی دۆخەكە گەشتی عومرەش ئاسایی دەبێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران، فڕۆکەخانەکانی عێراق داخران و گەشتەکانیش هەڵوەشانەوەو حاجیانی هەرێمیش ناچاربوون لە رێی وشکانییەوە بگەڕێنەوە.