سێ گەشتیاری عەرەب لەئاوی زێی بچوکدا خنکان

کوردستان

21/06/2025‌ 3683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەردی حەسەن ـ شارپرێس:

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، سێ ئەندامی یەک خێزان لەسنوری قەزای تەقتەق خنکان‌و ئێستاش تیمەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمەکانن.


عەمید گۆران سماقەیی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بەشارپرێسی وت:"ئێوارەی ئەمڕۆ سێ گەشتیاری عەرەب کە بەمەبەستی کاتبەسەربردن ڕویان کردبوە ناوچە گەشتیاریەکانی تەقتەق خنکان".

وتیشی:"ئەوکەسانەی خنکاون‌و ئەندامی یەک خێزانن کە پێکهاتون لەباوکێک‌و دوو کوڕ، دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکەو توانرا تەرمی منداڵێکیان بدۆزینەوە، لەئێستاشدا تیمەکانمان سەرقاڵی گەڕانن بەدوای دوو تەرمەکەی تردا".

ڕوداوەکە لەکاتێکدا بوە یەکێک لەمنداڵەکان کە خاوەن پێداویستی تایبەت بوەو کەوتوه‌تە ناو ئاوی زێی بچوک، لەناوچەی گەشتیاری گوندی بۆگد، باوک‌و برایەک بەمەبەستی ڕزگارکردنی چون بەهانایەوە، لەوکاتەدا ئەوانیش خنکاون.