ئه‌مریكا هێرشه‌كه‌ى ئه‌نجامداو ئێرانیش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

جیهان

22/06/2025‌ 6740 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی گشتیی وزەی ئەتۆمیی ئێران بەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەکی تیشکدانەوە لەکورە ئەتۆمییەکان بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە نییە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە بۆمباران کران.


دەستەکە ئاشکرایکرد، دەستبەجێ دەستییان بەپشکنینی پێویست کردوە لەئەگەری پیسبونی ژینگە بەتیشکدانەوەی ئەتۆمی لەدەوروبەری ئەو ناوچەیەی بۆردومانکراوەو مەترسیی تیشکدانەوە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە، بۆمان دەرکەوت هیچ مەترسییەک لەسەر خەڵکەکە نییە.

ناوەندی سیستەمی نیشتمانیی سەلامەتیی ئەتۆمیی ئێران لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه‌، هیچ مەترسییەک هەڕەشە لەدانیشتووانی نزیک لەکورە ئەتۆمییەکانی فۆردوو نەتەنزو ئەسفەهان نییە کە ئەمڕۆ بەرەبەیان لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە بۆمباران کران.

بەیاننامەی ئەو ناوەندە ئاماژە بەوەدەکات، ئەو هێرشەی کراوەتەسەر کورە ئەتۆمییەکانی فۆردو نەتەنزو ئەسفەهان، دژ بەیاسا نێودەوڵەتییەکان‌و بەڵێننامەی نێودەوڵەتی ڕێگریی لەبڵابوونەوەی ئەتۆمییە، دەستیشیان بەپشکنینی پێویست کردوە لەئەگەری تیشکدانەوەو پیسبونی ژینگەی ناوچەکە بەو تیشکانە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەکۆشکی سپیەوە لەوتارێکدا وتی، "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەسێ شوێنی ئێران، ئۆپەراسیۆنێکی زۆر وردیان کردوە، بەبۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژێمی ئێرانمان، بەلەناوبردنی فۆردو، نەتەنزو ئیسفەهان".

وتیشی، "ئامانجی ئێمە لەهێرشەکە ئەوەبوو، توانای ئێران لەپیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرین‌و کۆتایی بەهەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران بهێنین، کە وڵاتی یەکەمە لەپشتیوانیکردنی تیرۆر لەئاستی جیهاندا".

ترەمپ ئه‌وه‌شى وت، "دەتوانم بەجیهان ڕابگەیەنم کە هێرشەکەی ئێمە زۆر ناوازەبوو، لەڕوی سەربازییەوە زۆر سەرکەوتوبون، چونکە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی وێرانکران‌و لەناوبران، ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە، بەڵام ئێستا دەبێت ئاشتی بکات".

بەپەلە