شارپرێس:
ڕۆژنامەی ڤزگلیادی ڕوسی بابەتێکی سەبارەت بەئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئێرانو ئیسرائیل بڵاوکردوهتەوەو تێیدا باس لەوەدەکات، گەڕی دوەمی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە مسۆگەرو نزیکە، بەشێوەیەک گەڕی ئەمجارەی شەڕ درێژخایەنترو دڕندەتر دەبێت لەچاو گەڕی پێشوو.
ڕۆژنامەکە دەڵێت، هەرچەندە هەردوو وڵاتی ئێرانو ئیسرائیل لەشەڕی12 ڕۆژەدا سەرکەوتنیان ڕاگەیاند، بەڵام بەڵگەی زۆر هەیە کە هیچکام لەوڵاتان سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەیان بەدەستنەهێناوەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی دیکە لەئارادایە.
ڕۆژنامەکە ڕونیدەکاتەوە، بیرۆکەی هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لەئێستادا نالۆژیکییە، یان باشتر بڵێین بەشێکە لەپڕوپاگەندەی ئیسرائیل، چونکە ئێران لەدۆخێکدا نییە کە ئەوکارە بکات، هەروەک بۆ ئەوەی ئیسرائیل هێرشی دوەم بۆ سەر ئێران ئەنجامبدات، پێویستی بەئامادەکاریی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بەشێوەیەکی کاریگەرتر.
ئەوەش هاتوە، ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل پێویستی بەکۆکردنەوەی بڕێکی پێویست چەکی دژە موشەک هەیە، کە بەشی دەیان یان زیات لە 100 رۆژ جەنگ بکات، ئەم چەکانە گراننو بەخێرایی بەرهەمناهێنرێن، هەروەک ئیسرائیل پێویستی بەدوبارە بونیادنانەوەی تۆڕی سیخوڕیی خۆی هەیە لەناوخۆی ئێراندا.
دەشڵێت، "هەموو ئەم ئامادەکاریانە دەکرێتو گریمانکراون، بەڵام تێچوی زۆری دەوێتو کاتێکی زۆری دەوێت.
هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێویستی بەچەسپاندنی دەسەڵاتەکەی لەناوخۆدا هەیە، ئەگەر حکومەتەکەی دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەگەری هێرشی دوەمی ئیسرائیل بۆسەر ئێران کەمدەبێتەوە.
سەبارەت بەچۆنیەتی پەرەسەندنی شەڕێکی نوێ، ڕۆژنامە ڕوسییەکە پێشبینیدەکات کە ئێران لەمساڵدا زیادبونی بەرچاو لەتوانا موشەکییەکانیدا بەدەستبهێنێتو کۆگای موشەکەکانی هاوتەریب لەگەڵ توانای هەڵگیرسانی شەڕی درێژخایەن گەشە پێبدات، لەبەرامبەردا ئیسرائیل چەکی وردپێکو موشەکی بەرگریی ئاسمانیی کە لانیکەم بۆ چەند مانگێکی بەشبکات، کۆدەکاتەوە.
ڤزگلیاد دەڵێت، "لەگەڵ زیادبونی کۆگاکانی چەکی هەردولا، ئەگەری دوبارە هێرشکردنەسەر ئێران زیاتر دەبێت".
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەری هێرشی سنوردار هەیە تا پایزو لەمانگی ئەیلولەوە ئەگەری هێرشی هەمەلایەنە زیاتر دەبێت.
لەکۆتاییدا دەڵێت، "پێدەچێت ئیسرائیل لەساڵی داهاتودا ئامادەکاریی بۆ هێرشکردن بکات، بەڵام ئەگەر دڵنیایی هاوکاریی سەربازیی لەئەمریکا وەربگرێت، ئەوا ڕەنگە بۆ کۆتایی ئەمساڵ نزیکتر بێتەوە".
