بایدەمیر بۆ شارپرێس: پرۆسەی ئاشتی کوتایی بە فشارەکانی تورکیا لەسەر باشور و رۆژئاوای کوردستانیش دێنێت

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 338 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: ئەیهان سەعید

عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دەڵێت "عەقلیەتی کەمالیستی و عوسمانی تورکیا بەرامبەر کورد نەگۆڕاوە، بەڵام ئاشتی بۆ کورد دەرفەتە".

لە وتووێژێکی تایبەتی شارپرێسدا لەگەڵ عوسمان بایدەمیر سیاسەتمدار و پەرلەمانتاری پێشوی هەدەپە دەربارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕاگەیاند؛ سەرباری ئەوەی لەو بڕوایەدا نیم عەقلیەتی کەمالیستی و عوسمانی تورکیا بەرامبەر کورد گۆڕابێت، بەڵام پرۆسەی ئاشتی و وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ کورد دەرفەتە و پرسی کورد بەرەو پێش دەچێت، کوتایی بە فشارەکانی تورکیا لەسەر باشور و رۆژئاوای کوردستانیش دێنێت.

لە وەڵامی پرسیاری شارپرێسدا دەربارەی هۆکاری خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە عوسمان بایدەمیر ڕاگەیاند؛ پێش هەموو شتێک پێم وایە ئەم سەد ساڵەی رابردوو بە تایبەتی لە ساڵانی کوتاییدا لە باکوری کوردستان ڕاپەرینی کورد (پەکەکە) گۆڕانکاریەکی ریشەیی دروستکرد، بڕیاری خۆ هەڵوەشاندن و چەکدانان دەرفەت و دەرگای خێر بەرووی کورد دا دەکاتەوە.

پێویستە بزانین بڕیاری چەکدانان بە مانای داخستنی خەبات و کوتایی هێنان بە پرسی کورد نایەت، بەڵکو سەردەم گۆڕاوە و دەتوانم بڵێم؛ لەم 15 ساڵەی کۆتاییدا شەڕ و جەنگ لە باکوری کوردستان خەتمی (ئاسێ)ـێ ببوو و کێشەو گرفتی بۆ باکور و هەروەها گرفتی بۆ رۆژئاوا و باشوری کوردستانیش دروست دەبوو، تەنانەت کاریگەری نەرێنی لەسەر خەباتی سیاسی و دیبلۆکاسیش هەبوو. 

عوسمان بایدەمیر لەبارەی کاریگەریەکانی پرۆسەی ئاشتی لە باکور لەسەر باشور و رۆژئاوای کوردستان جەختی لەوە کردەوە "پێم وایە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی کاریگەری زۆر لەسەر باشور و رۆژئاوای کوردستان دەبێت، بە جۆرێک؛ کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە خەونی خۆی دەگات و دەبێتە خاوەنی ستاتۆ (قەوارە)ـیەکی فەرمی، هەروەها ئەو فشارانەی لەسەر باشوری کوردستان نامێنن و باشور و رۆژئاوا و باکور لەیەکتر نزیکتر دەبن و کۆدەنگی و یەکریزی لەنێوانیاندا دروست دەبێت".

عوسمان بایدەمیر لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی؛ ئەو زۆر گرنگە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بێتە دی و بە بیانویەکانی تورکیا دژی پرسی کورد، ئەو تۆمەتەی تیرۆر لەسەر لایەن و سیاسیەکانی کورد نامێنن.

عوسمان بایدەمیر لەسەر هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا بۆ دروستکردنی زەمینەسازی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا بۆ پرسی کورد وتی "لەو بڕوایەدا نیم گۆڕانکاری پارادیگمایی لای دەوڵەتی تورکیا دروست بوبێت دەربارەی کورد کە هەردوو بەرەی ئەقلیەتی کەمالیست و ئەقلیەتی عوسمانی ئێستا پێکەوە بڕیاریان داوە لەگەڵ کورد پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکەن، بەڵام گرنگ نیە دەوڵەت چی دەکات بەڵکو ئەم پرۆسەیە دەرفەت بە کورد دەدات زیاتر یەکگرتوو و سەرکەوتوو بێت و دەرگای خێر بە روویاندا دەکاتەوە.

عوسمان بایدەمیر دەربارەی دەرفەرەکانی بەردەم کورد لە پرۆسەی ئاشتیدا ڕاگەیاند: پێم وایە لە ئەگەری ئاشتیدا کورد دەتوانن لە هەموو جیهان زیاتر خۆیان بناسێنن و دەرفەتی دیمۆکراسی نێوخۆیی زیاتر دەبێت و دوسیەی کورد بە رێگاو رێبازی دیموکراسی پێشبخەن.

لەکۆتایدا وتی: بە بڕوای من ئەم پرۆسەیەی ئاشتی کوردەکان لەهەموو پارچەیەکی کوردستان ێزیکی یەکدی دەکاتەوە، لەنێو کوردیشدا پرۆسەیەکی دیموکراسی و پێشکەوتنخوازی بەرهەمدێت، بەو هیوایەم ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت، بەڵام ئەو بیرو باوەرەم هەیە دۆسیەی کورد لە دڵ و دەرونی هەموو کوردێکدا هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.