سامسۆنگ مۆبایلی گالاکسی Z Fold7ی نمایشکرد کە بە یەکێک لە جیاوازترین مۆبایلە چەماوەکان دادەنرێت بەهۆی بۆدی تەنک و تەکنەلۆژیای نایاب و کامێرای نایابەوە.
یەکێک لە هەرە دیارترین خاڵەکانی Z Fold7، دیزاینە بێهاوتاکەیەتی، بەشێوەیەک کاتێک کراوەیە، ئەستوورییەکەی تەنها 4.2 ملیمەترە، کە دەیکات بە یەکێک لە باریکترین مۆبایلە چەماوەکانی جیهان، کاتێکیش دەچەمێتەوە، ئەستوورییەکەی دەگاتە 8.9 ملیمەتر، هاوشێوەی مۆبایلێکی زیرەکی ئاسایی، لە کاتێکدا کێشەکەی تەنها 215 گرامە.
لە بواری وێنەگرتندا، سامسۆنگ هەنگاوێکی گەورەی ناوە، کامێرای سەرەکیی سێ هاوێنەیی بە وردیی (200+12+10) مێگاپیکسڵ، کە هاوێنەی تێلیفۆتۆ و ئەڵتراوایدی لەخۆگرتووە، توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی 8Kی هەیە، هەروەک کامێرای پێشەوەش بە وردیی 10 مێگاپیکسڵ توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی 4Kی هەیە، کە ئەزموونێکی وێنەگرتنی پیشەگەرانە بە بەکارهێنەران دەبەخشێت.
شاشە 8.0 ئینجییە چەماوەکەی لە جۆری Foldable Dynamic LTPO AMOLED 2ـە و شاشە دەرەکییەکەشی 6.5 ئینجە، هەردووکیان بە تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز کاردەکەن، کە وێنەیەکی ڕوون و جووڵەیەکی نەرم مسۆگەر دەکەن.
لەنێو دڵی ئەم ئامێرەدا، پڕۆسێسەری بەهێزی Qualcomm Snapdragon 8 Elite بە تەکنەلۆژیای 3 نانۆمەتر جێگیر کراوە، لەگەڵ ڕامی 12 یان 16 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی کە دەگاتە 1 تێرابایت. ئەمەش کاراییەکی خەیاڵی و توانایەکی بێسنوور بۆ فرەکاری (multitasking) و یارییە ئەلیکترۆنییەکان دابین دەکات.
گالاکسی Z Fold7 بە پاترییەکی 4400 میلی ئەمپێری و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی خێرای 25 وات و بێتەلی 15 وات، لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی وەک Samsung DeX و NFC، بەڵێنی ئەزموونێکی تەواو و بێ کێشە بە بەکارهێنەرانی دەدات.
ئا: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
