به‌غدا وه‌ڵامى بارزانى ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: هیچ گۆڕانكارییه‌ك نییه‌و كه‌س داواى ده‌رفه‌تى نه‌كردوه‌

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 18593 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی حکومی له‌به‌غداوه‌ وه‌ڵامى باره‌گاى بارزانى ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ كه‌س داواى ده‌رفه‌تى له‌ئێوه‌ نه‌كردوه‌، چونكه‌ هیچ گۆڕانکارییەک لەهەڵوێستی حکومەتدا نییەو حكومه‌ت بڕیارى خۆیداوه‌"، ده‌شڵێت:"هەر شتێکی دیکەش پێشنیازبکرێت، تەنها قسەو باسەو هیچى تر".


سەرچاوەیەکی حکومی له‌به‌غداوه‌ وه‌ڵامى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى باره‌گاى بارزانى دایه‌وه‌و وتى:"هیچ گۆڕانکارییەک لەهەڵوێستی حکومەتدا نییە سەبارەت بەڕێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لەهەرێمى كوردستان‌و داهاتی نا نەوتی‌و خۆجێیکردنی موچەو چارەسەرکردنی زیادەڕەوییه‌ داراییه‌كان.

ئەو سەرچاوەیە ئه‌وه‌شى بۆ شارپرێس ڕونكرده‌وه‌، "هیچ بەڵێن‌و داواکردنی هیچ دەرفەتێک نییە، ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، هەموو شتێکی یەکلاییکردوه‌تەوە، ئەمەش دوای پێکهێنانی ئەو لیژنە وەزارییەی کە سێشەممەی داهاتوو ڕاسپاردەکانی پێشکەشدەکات".

ئه‌وه‌شى وت:"هیچ گۆڕانکارییەک لەهەڵوێستی حکومەتدا نییە، چونکە لەسەر بنەمای دەستورو یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی دامەزراوەو هەر شتێکی دیکەش پێشنیازبکرێت، تەنها قسەو باسە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ باره‌گاى بارزانى ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "لەسەر داوای بەغداو ڕەچاوکردنی بارودۆخی گشتیی، پێمان باشبوو دوا دەرفەت بەحكومەتی عێراقی فیدراڵ لەبەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە کێشەی موچە بدۆزێته‌وه‌".

ڕاشیگه‌یاندوه‌، "مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبوەوەو بڕیاربوو هەڵوێست لەسەر پرسی موچە وەربگرێت، بەڵام فوئاد حوسێن بەمەکتەبی سیاسی وتوه‌، لایەن‌و کەسایەتییە سیاسییەکان‌و حكومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیانداوە لەچەند ڕۆژی داهاتودا پرسی ناردنی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێم چارەسەربکرێت، هه‌ربۆیه‌ هەمیشە بڕوامان بەوە هەبوە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بەلەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەربكەین".