شارپرێس:
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، كێشەی سەرەكیی دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر بڕی بەكارهێنانی ناوخۆیە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەلێدوانێكدا وتی "بەغدا و توركیا ئامادەن بۆ دەستكردنەوە بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بەڵام چاوەڕێی رادەستكردنی نەوتەكەن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە."
حەیان عەبدوغەنی رونیكردەوە "یاسای بودجە، هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بە رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ بە مەبەستی هەناردەكردنی لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-توركیاوەو بۆ خێراكردنی پرۆسەكەش، یاسای بودجە هەموار كرایەوە و بڕیاردرا 16 دۆلار وەكو پێشەكی بۆ هەر بەرمیلێكی بەرهەمهێندراو بدرێتە هەرێمی كوردستان".
وەزیری نەوتی عێراق هۆكاری ناكۆكی هەرێم و بەغدای لەسەر نەوت ئاشكراكرد، كە بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، بڕی بەكارهێنانی ناوخۆیی بۆ هەرێم بە 46 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا خەمڵێندرا، بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان داوا دەكات ئەو بڕە 65 هەزار بەرمیل بێت.