توركیا مه‌رجێك بۆ هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم داده‌نێت.. واده‌ى بڕیاردان له‌موچه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 30950 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە کە دەکاتە ڕۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ دەدات.


ڕۆژی سێشەممەی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، هەردوو وەزیری دارایی‌و نەوتی عێراق، لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بەمحەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکەن، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست لەبارەی موچەی مانگی حوزەیران‌و مانگەکانی داهاتوی موچەخۆرانی هەرێمه‌وه‌ بدات.

شارپرێس زانیویه‌تى، حکومەتی هەرێم بەحکومەتی فیدراڵی ڕاگەیاندوە، 120 ملیار دیناریان ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕەوانەی بەغدای بکەن‌و چاوەڕێی ئەوەیه‌، حکومەتی فیدراڵ داوای ئەو بڕە پارەیە بکات بۆ ئەوەی لەبەرامبەردا موچەی مانگی حوزەیران لەبەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.

لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتیش، چه‌ند زانیاریه‌ك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئێوارەی دوێنێ، شاندێکی تەکنیکی عێراق بەسەرۆکایەتی عامر مێری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکور، چوه‌ته‌ بەندەری جەیهان بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکی بکەن بۆ ئەوەی دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە.

ئه‌وه‌ى زانراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، تورکیا مەرجێکی هه‌یه‌، ئه‌ویش ڕۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت ڕادەستبکرێت، به‌گوێره‌ى زانیارییەکانیش، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە کەمتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمده‌هێنێت.

هه‌روه‌ها حكومه‌تى هه‌رێمیش بەحکومەتی فیدراڵى وتوه‌، ڕۆژانی داهاتوو ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزدەکەنەوە وەک ڕۆژانی پێش هێرشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای ( بی پی بەریتانی) کە هاتونەتە کەرکوک، بەنیازن ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە 350 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبکەنەوە بۆ نزیکەی 650 هەزار بەرمیل.

هاوکات داواکراوە، تێچوی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەرزبکرێتەوە بۆ چوار دۆلار، سەرباری ئەوەی لایەنی تورکی داوایکردوە، حکومەتی عێراق لەو ملیارو 900 ملیۆن دۆلارە خۆشبێت کە عێراق داوای لێدەکات، بۆیە تاڕادەیەک حکومەتی عێراقیش بەمەرجەکانی لایەنی تورکی ڕازییە، بۆیە چاوەڕێدەکرێت بەمنزیکانە کەیسی نەوت بەتەواوی کۆتایی پێبێت‌و حکومەتی فیدراڵیش لەدوو ڕۆژی داهاتودا، دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکات. 

لەبارەی پرسی ناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ بەغدا، زانراوه‌، حکومەتی هەرێم جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، مانگەکانی داهاتوو ئەو 120 ملیار دینارە بۆ بەغدا نانێرن، به‌گوێره‌ى یاساکانی بودجەش، پێویستە سەدا 50ی داهاتی فیدراڵی ڕادەستبکات، نەوەک سەدا 50ی داهاتی گشتیی ناوخۆی کوردستان، ئەمە یەک لەو خاڵانەیە کە هەردولا لەسەری ناکۆکن، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بەمحەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.