شارپرێس - كەنداڵ جودی:
بەرپرسێكی باڵای باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند، حكومەتی دیمەشق نایەوێت بەشداری كۆبوونەوەی پاریس بكات بەهۆی فشارەكانی دەوڵەتی توركیا، بۆیە حكومەتی كاتی لە دیمەشق بەبێ توركیا ناتوانێت هیچ بڕیارێك بدات.
جێگری هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەدران چیا كورد، لەبارەی هەڵوێستی دیمەشق بەرامبەر كۆنفرانسەكەی حەسەكە دەڵێـت: حكومەتی كاتی دیمەشق بە هەڵە حوكم لەسەر واقیعی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەموو سوریا دەدات، چونكە هەموو پێكهاتەكانی تر جگە لە خۆی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر یەكێتی سوریا دەبینێت.
شارپرێس: با لە گەرمترین پرسەكانی سوریاوە دەست پێبكەین، كە كۆنفرانسی یەكگرتوویی پێكهاتەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوو كە هەینێ لە حەسەكە بەڕێوەچوو. حكومەتی كاتی دژایەتی ئەم كۆنفرانسەی كرد و بە دژی ڕێككەوتنی 10ی ئادار ناوی برد، هەروەها ڕایگەیاند كە بەهۆی ئەم كۆنفرانسە بەشداری كۆبوونەوەی پاریس ناكەن، هەڵوێستی حكومەتی كاتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
چیا كورد: حكومەتی كاتی دیمەشق بە هەڵە حوكم لەسەر واقیعی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەموو سوریا دەدات، چونكە هەموو پێكهاتەكانی تر جگە لە خۆی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر یەكێتی سوریا دەبینێت. لە هەمان كاتدا حكومەتی دیمەشق زۆر لایەن تۆمەتبار دەكات بەوەی پەیوەندیان لەگەڵ دنیای دەرەوە هەیە، ئەم تێڕوانین و عەقڵیەتەی حكومەتی دیمەشق بۆ پێكهاتەكان هەڵەیە. حكومەتی كاتی دیمەشق پێویستی بە بینین و قبوڵكردنی هەموو ئەو پێكهاتە و ئایینانە هەیە و كۆیان بكاتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن، بەڵام حكومەتی دیمەشق ئەم كارە ناكات. لە كۆبوونەوەی حەسەكە، پێكهاتەكان یەكگرتوویی خاكی سوریا و چارەسەرێكیان پشتڕاستكردەوە كە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكاندا بگونجێت بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسیدا. پێویستە ڕێز لەو بڕیارانە بگیرێت كە دراون، بەڵام ئەگەر ڕژێمی دیمەشق ڕێز لە كۆنفرانسی دیمەشق نەگرێت ئەوە مانای نكۆڵیكردنە لە پێكهاتەكان و ئەمەش سوریا دابەش دەكات. ڕژێمی كاتی لە دیمەشق بانگەشەی ئەوە دەكات كە "كۆنفرانسی حەسەكە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ١٠ی ئادارە"، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. بەپێچەوانەوە لە ڕێككەوتنی 10ی ئاداردا وتمان دەبێت هەموو سورییەكان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن. بەڵام كاتێك پێكهاتەكان دەبینن بەشداری پرۆسەی سیاسی ناكەن، ناچار دەبن بۆچوون و ڕەخنەی خۆیان لە حكومەتی كاتی دەرببڕن. لەلایەكی دیكەوە حكومەتی كاتی دیمەشق بە بیانووی كۆنفرانسی حەسەكە دەزانێت، كە بەشداری كۆبوونەوەكەی پاریس ناكەن، ئەوان بەرپرسیارن لە بڕیارەكەیان، بەڵام ئێمە وەك باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادەین بۆ كۆبوونەوەی پاریس و ئامادەكاریمان هەیە بۆ ئەم كۆبوونەوەیە. لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ناوبژیوانەكاندا دانوستانمان هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامێك لە كۆبوونەوەی پاریسەوە دەربكەوێت. بۆیە كاتێك حكومەتی دیمەشق دەڵێت بەشداری ناكەین، ئەوە ڕوونە كە ئەوان دیالۆگیان ناوێت و خۆیان لە دانوستانەكان بەدوور دەگرن و دەیانەوێت دیدگای خۆیان بسەپێنن. بەڵام ناكرێ تەنیا دیدگای خۆیان بسەپێنن، ئەگەر بیسەپێنن، سوریا بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبەن و كۆمەڵكوژی ڕوودەدات. لە ئەنجامدا حكومەتی كاتی دیمەشق دەبێت لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان كۆببێتەوە.
شارپرێس: دەتوانین بڵێین دوای كۆنفرانسەكەی حەسەكە پەیوەندی نێوان ئێوە و حكومەت لە دیمەشق دەپچڕێت؟
چیا كورد: ئێمە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەین دیالۆگمان هەبێت و دیالۆگ پەرە پێبدەین. لەسەرەتادا ڕێگامان بۆ دیالۆگ و ڕێگری لە ئەگەری شەڕێك كردەوە، بۆ ئەوەی سوریا جارێكی تر نەكەوێتە ناو قەیران و شەڕی ناوخۆوە. بەڵام دەبێت بەردەوام بین لە هەوڵی بەردەوامیدان بە دیالۆگ، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە چارەسەر.
شارپرێس: توركیا چ ڕۆڵێكی هەیە لە تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئێوە و حكومەتی كاتی لە دیمەشق، بەتایبەتی كۆبوونەوەی پاریس كە دەوڵەتی توركیا نایەوێت حكومەتی شەرع بەشداری كۆبوونەوەكە بكات؟
چیا كورد: ڕۆڵی توركیا لە تەواوی قەیرانی سوریادا هەمیشە نەرێنی بووە، لەوانەش پشتیوانی لە گروپە ئیسلامییەكان و چەكدارەكان دەكات و تا ئێستا ئەو چەكدارانە سەر بە توركیان نەك وەزارەتی بەرگری سوریا. ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە لە شێوازی بنیاتنانی سوپای نیشتیمانی سوریا. لە لایەكی ترەوە لە هەموو خولەكانی دانوستاندنەكانی نێوان ئێمە و حكومەتی دیمەشق تێگەیشتین كە بەهۆی دەستێوەردان دیمەشق ناتوانێت بڕیار بدات بەبێ گەڕانەوە بۆ توركیا (واتە بڕیارەكانی لە توركیاوە وەردەگرێت) و كاریگەری توركیا لەو چوارچێوەیەدا زۆر بەرزە لەسەر دەسەڵاتدارانی دیمەشق، بەتایبەتی لەسەر پرسی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و كورد. لەم دواییانەدا كاتێك وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەك نێوەندگیری لە نێوان ئێمە و حكومەتی دیمەشق دەستوەردانیان كرد و شوێنی كۆبوونەوەكە لە پاریس دیاریكرا، توركیا ناڕەزایی خۆی لەم بابەتە دەربڕی، چونكە نەیدەویست وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداری نێوەندگیری نێوان ئێمە بكەن و نەیویست ئەو كۆبوونەوەیە لە پاریس بێت. چونكە توركیا دەیەوێت ڕێككەوتنەكان لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا جێبەجێ بكرێت بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆی و بەوجۆرە دەیەوێت ڕێككەوتنێك لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا بكرێت. بۆیە توركیا كۆبوونەوەی پاریس بە لاوازییەك بۆ خۆی دەبینێت. هەر بۆیە دەوڵەتی توركیا دەستوەردان دەكات بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی پاریس بەڕێوە نەچێت و سەردانەكەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ دیمەشق لەو چوارچێوەیەدا بوو.
شارپرێس: یەكگرتنی ئێوە وەك ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە چۆن دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، لە كاتێكدا ئێوە و حكومەتی دیمەشق دەڵێن دەیانەوێت دامودەزگاكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بچنە نێو دامودەزگاكانی دەوڵەتەوە، بە واتایەكی تر سروشتی یەكگرتنی ئێوە لە دەوڵەتدا چۆن دەبێت؟
چیا كورد: بەڕاستی دەبینین كە گۆڕانكاری لە بۆچوونەكانی دیمەشقدا ڕوویداوە، واتە بۆچوونەكانیان وەك ئەو كاتە نییە كە ئێمە ڕێككەوتننامەی ١٠ی ئادارمان واژۆكرد. لە میانەی ڕێككەوتنی ١٠ی ئاداردا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق باسمان لەوە كرد كە چۆن دامەزراوەكانمان وەك هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیدارەی خۆسەر بتوانن بچنە ناو دەوڵەتی سوریاوە. لەو كاتەدا لە كاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی ١٠ی ئاداردا، حكومەتی دیمەشق پێشنیاری كرد كە دامەزراوەكانمان هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام ئێمە قبوڵمان نەكرد و پێمان وتن كە پێویستە یەكگرتن ڕووبدات. ئێمە ڕوونمان كردەوە كە چۆن یەكگرتن لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا ڕوودەدات و پێكەوە ڕێككەوتین كە چۆن یەكگرتن ڕوودەدات، واتە یەكگرتن لەسەر بنەمایەكی دیموكراسی و تەواوكار ڕووبدات. بە واتایەكی تر دامەزراوە ئەمنی و سیاسی و خزمەتگوزارییەكانمان خۆبەخشانە دەبنە بەشێك لە دامەزراوەكانی دەوڵەت.
شارپرێس: ئەوەندەی ئێمە تێگەیشتین، پێتان وتن چۆن دەچنە ناو دەزگاكانی دەوڵەتەوە و حكومەتی دیمەشق قبووڵی كردبوو؟
چیا كورد: بەڵێ ئەوە ڕاستە، پێمان وتوون، هەر بۆیە دەبینم تێڕوانینی حكومەتی دیمەشق لەسەر ئەم پرسە گۆڕاوە، واتە تێڕوانینی ئەوان كاتێك ئێمە ڕێككەوتنەكەمان واژۆكرد، هەمان بۆچوونی ئەوان نەبوو كە ئێستا هەیانە، هەر بۆیە ئێستا حكومەتی دیمەشق دەیەوێت هەموو شتێك هەڵبوەشێتەوە، واتە پێویستە هەسەدە وەك تاكێك بچێتە ناو سوپاوە، بەڵام هەرگیز بەو شێوەیە قبوڵ ناكەین. ئێمە پێشتر پێمان ڕاگەیاندوون كە هێزی هەسەدە وەك لیوایەكی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێنێتەوە. بەشێوەیەكی گشتی هێزەكانی هەسەدە ناتوانن خۆیان هەڵبوەشێننەوە و ناتوانن چەك دابنێن، چونكە تا ئێستا شەڕی تیرۆر دەكات و هیچ گەرەنتییەك لە ناوخۆی سوریادا نییە. ئێمەی سوری دەبێت لە نێوان خۆماندا بگەینە ڕێككەوتن. ئەمەش بە مانای دابەشبوونی سوریا نییە و حكومەتی دیمەشقیش بە شێوازی خۆی ئەمە لێكدەداتەوە.
شارپرێس: ڕوونە كە حكومەتی شەرع لە عەفرین و ناوچەكانی تری سوریا ژێر داگیركاری توركیادا بونی نییە و توركیا ئەو ناوچانە بەڕێوە دەبات. پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئایا دۆخەكە سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەكانی عەفرین گەیشتووەتە خاڵێكی گرینگ؟ بۆچی ڕاستەوخۆ لەگەڵ توركیا باسی ئەم بابەتە ناكەن؟
چیا كورد: لە ڕێككەوتنی 10ی ئاداردا لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەم بابەتەمان تاوتوێ كرد و ڕێككەوتین كە هەموو ئاوارەكان بەشێوەیەكی سەلامەت و كەرامەت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لەوانە ئەوانەی خەڵكی عەفرین و سەرێ كانیێ و گرێ سپی. لەو چوارچێوەیەشدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سوریا، خۆی بەڵێنیدا كە كاردەكات بۆ ئەوەی خەڵكی عەفرین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە هێشتا كارگەلێك هەن كە پێویستە بیكەن و دواتر خەڵكی عەفرین دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. پاشان، زۆر گفتوگۆ و كۆبونەوە ڕوویدا و لە نێو خەڵكی عەفرین لیژنەیەكمان پێكهێنا و نەخشەیەكمان داڕشت. بەڵام دواتر حكومەتی كاتی لە دیمەشق هەموو ئەمانەی خستە لاوە، واتە هەموو شتێكی هەڵوەشاندەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات كە حكومەتی ئێستا نایەوێت هاوكاری هیچ كەسێك بكات و تەنها دەڵێت ئەوان خۆیان ئەو كێشانە چارەسەر دەكەن. بەڵام ئەمە نابێتە هۆی چارەسەر. چونكە تا ئێستاش ڕۆژانە لە عەفرین سەرپێچی و كوشتن و ڕفاندن هەیە. لە هەمان كاتدا توركیا بەرپرسیارە لە عەفرین چونكە تا ئێستا ئەو گروپانەی لە عەفرین سەر بە توركیان. ئەحمەد شەرع دەبێت بەڵێنەكەی جێبەجێ بكات و خەڵكی عەفرین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام پێدەچێت حكومەتی كاتی نەتوانێت دۆخی عەفرین و ناوچەكانی دیكە كۆنترۆڵ بكات.
ئ.ه
