شارپرێس:
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەریتانیا، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانیان لەئامادەیی خۆیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا ئاگادارکردوەتەوە، ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ڕاپۆرتەکە بەپشتبەستن بەنامەیەک ئاماژەی بهوهكردوه، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتی بەناو ترۆیکای ئەوروپی دوێنێ سێشەممە، نامەیەکیان بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان نوسیوەو ئاماژەیان بەئەگەری "پاراستنی" سزاکان کردوە ئەگەر ئێران هەنگاو نەنێت.
لەنامەکەدا وەزیرەکان وتویانه، "ئێمە ڕونمانکردوەتەوە، ئەگەر ئێران ئامادەنەبێت پێش کۆتایی مانگی ئابی 2025 بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی، یان دەرفەتی درێژکردنەوەی درێژکردنەوەکە نەقۆزێتەوە، ئەوا E3 ئامادەیە میکانیزمی سناپباک دەستپێبکات".
هۆشدارییەکەی E3 دوای دانوستانی "جدی، ڕاشکاوانەو ورد" دێت لەگەڵ ئێران لەمانگی ڕابردودا لەئهستهنبوڵ، کە یەکەم کۆبونەوەی ڕوبەڕوو بوو لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا بۆسەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران.
تائێستا پێنج خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێرانو ئەمریکا سەبارەت بەپرسی ئەتۆمی، بەنێوەندگیریی عومان، ئەمساڵ بەبێ ئەنجام کۆتاییهات، بەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بۆسەر ئێرانو ئەو هێرشانەی هێزەکانی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامیاندا.
هەروەها نوێنەرانی "ترۆیکای ئەوروپی" (بهریتانیا، ئەڵمانیاو فەرەنسا) لەوکاتەدا دانوستانیان لەگەڵ تاران ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانی ڕۆڵی نێوەندگیریی بگێڕن لەئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بەپرسی ئەتۆمی ئێران.
