ڕۆژئاواى كوردستان پشتیوانیى بۆ په‌یامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ڕاگه‌یاند

کوردستان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕاگه‌یاند، ده‌شڵێت:"ئامادەین بۆ بەشداریکردن لەپێکهێنانی دەستەیەکی کاتیی بۆ حکومڕانیی سوریاو نوسینەوەی دەستورێکی نوێ‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان".


ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەکۆتا کۆبونەوەی خۆیدا توندوتیژییەکانی ئەمدواییەی سوریاو بەتایبەت پارێزگای سوەیدای سەرکۆنەکرد، داواشیکرد، پرۆسەی سیاسیی سوریا مافی هەموان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزو ئاینیان بپارێزێت.

ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاویکردەوە، هاوسۆزی هەموو ناوچەکانی وڵاتن کە ڕوبەڕوی پێشێلکاریی بونەتەوەو پشتیوانی هەموو هەوڵێکی نێودەوڵەتیش دەکەن بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی سوریاو لێپرسینەوە لەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە.

دەشڵێت:"بێبەشکردنی هێزە کاریگەرەکان، لەوانەش ئیدارەی خۆسەرو هەسەدە لەپرۆسەی سیاسی سوریا، مانای وایە پرۆسەکە لەبنەڕەتدا ناتەواوەو هەڕەشەی شکستی لەسەرە".

ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه‌، "ڕێککەوتنەکەی 10ی ئاداری ئه‌مساڵیش لەگەڵ بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش یەکدەگرێتەوە، هه‌ربۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردن لەپێکهێنانی دەستەیەکی کاتی بۆ حکومڕانیی سوریاو نوسینەوەی دەستورێکی نوێ‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاده‌گه‌یه‌نین".

ئیدارەی خۆسەری داوای گفتوگۆیەکی نیشتیمانی گشتگیر بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات، بۆ بونیادنانی سوریایەکی دیموکراسی‌و هەمەڕەنگ کە ڕێز لەمافی هەموان بگرێت‌و خەونەکانیان لەئازادی، دادپه‌روه‌ریى‌و ئاشتیی بەدیبهێنێت.