شارپرێس:
سەرۆک کۆماری ئازەربایجانو سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لەواشنتۆن، بەناوبژیوانیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتننامەی ئاشتییان واژۆکردو بەڵێنیاندا بۆ هەمیشە کۆتایی بەشەڕو ناکۆکییەکانیان بهێننو ڕێز لەسەروەریی یەکتریش بگرن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ هەینی دوای ئەوەی بەجیا لەگەڵ هەریەک لەئیلهام عەلیێف سەرۆک کۆماری ئازەربایجانو نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا کۆبوەوە، لەکۆبونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ هەردوکیاندا بەڕۆژنامهنوسانى ڕاگەیاند، "ماوەیەکی درێژبوو، ئەوان 35 ساڵ لەشەڕدابونو ئێستا بونەتە هاوڕێو بڕیارە بۆ ماوەیەکی درێژ هەروا هاوڕێ بمێننەوە".
ترەمپ وتی:"ئەرمینیاو ئازەربایجان بەڵێنیانداوە بۆ هەمیشە کۆتایی بەشەڕو ناکۆکییەکانیان بهێننو پەیوەندیی بازرگانیو گەشتیارییو دیپلۆماسییان دەستپێبکەنهوهو ڕێز لەسەروەرییو یەکپارچەیی خاکی یەکتربگرن".
هەردوو وڵات کە لەناوچەی قەوقازی باشور هەڵکەوتونو هاوسنوری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، بەناوبژیوانیی ترەمپ ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆکرد کە جیا لەئاشتییو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، دەبێتە هۆی دامەزراندنی کۆریدۆرێکی گواستنەوەو هاتوچۆ لەنێوان کۆماری ئازەربایجانو ناوچەی خۆبەڕێوەبەری نەخجەوان کە بەشێکی دابڕاوه لەخاکی ئازەربایجان.
ئەم کۆریدۆرە کە درێژییەکەی 32 کیلۆمەتر دەبێت بەناو خاکی ئەرمینیادا تێدەپەڕێتو لەسەر پێشنیازی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا ناوی لێ دەنرێت "ڕێگای ترەمپ بۆ ئاشتییو گەشەی نێودەوڵەتی".
کردنەوەی ئەم کۆریدۆرە کە لەسەر داوای ئازەربایجان بوو، پێشتر خاڵی ناکۆکیی سەرەکیی نێوان دوو وڵات بوو، ههر ئهوهش وایكردبوو، شکستی دانوستانەکانی ئاشتیی لێبكهوێتهوه.
ئەم کۆریدۆرە لەژێر چاودێرییو کۆنترۆڵی ئەمریکادا دەبێتو بەمشێوەیەش هەم ویستی ئازەربایجان بۆ پێکەوەبەستنەوەی باکۆو نەخجەوان دابیندەکرێتو هەم سەروەریی خاکی ئەرمینیاش دەپارێزێت.
ئاژانسی ئاسۆشەیتێدپرێس نوسیویهتى، دانوستان لەسەر چۆنێتیی کرانەوەو پەرەپێدانی "ڕێگهی ترەمپ"، هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتو ئەم ڕێگهیە هێڵی ئاسن بۆ هاتوچۆی شەمەندەفەر، جادە بۆ هاتوچۆی ئوتۆمبێل، بۆریی گواستنەوەی نەوتو غازو هێڵی ئینتهرنێت لەخۆدەگرێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرایکردوە، تائێستا نۆ کۆمپانیای ئەمریکا ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریی لەم پڕۆژەیە ڕاگەیاندوە.
ئانا کێلی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندوه، "نەخشەڕێگهیەک کە ئەرمینیاو ئازەربایجان لەسەری ڕێککەوتون، داهاتویەک لەسەر بنەمای هاوکاریی دروستدەکات کە بەسودی دوو وڵاتو ناوچەی قەوقازی باشور دەبێت".
هەردوو وڵات جیا لەڕێککەوتنی ئاشتیی نێوانیان، کۆمەڵێک ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئەمریکاش واژۆکردوە کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەبوارەکانی وزە، تەکنەلۆژیاو ئابوریی لەخۆدەگرێت.
ئازەربایجانو ئەرمینیا نزیکهى 40 ساڵ لەسەر کۆنترۆڵی ناوچەی قەرەباغ، ناکۆکییەکی قوڵیان هەبوو کە چەندین شەڕو پێکدادانی سەربازییشی لێکەوتەوە.
ناوچەی کوێستانیی قەرەباغ لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک بەشێک لەئازەربایجان دەناسرا، بەڵام لەسەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئەرمەنی بونو لەپاش ڕوخانی سۆڤیەتیش، لەلایەن ئەرمینیاوە کۆنترۆڵکرابوو.
دوای چەندجار شەڕو پێکدادان لەم ناوچەیە، سەرئەنجام لەساڵی 2023دا ئازەربایجان توانیی ئەم ناوچەیە لەئەرمینیا بسهنێتهوهو بەتەواوی کۆنترۆڵی بکات، بەڵام دانوستانەکانی دوو وڵات بۆ ئاشتیی، بەهۆی سوربونی باکۆ لەسەر کردنەوەی کۆریدۆرێک لەنێوان ئازەربایجانو نەخجەواندا، گەیشتبوە بنبەست.
بهبڕواى شارهزایان، بەڕێکەوتنهكهى شەوى ڕابردوو، ئەمریکا ناوچەی قەوقاز بۆ یەک سەدە کۆنترۆڵدەکاتو بەتەواوی بەڕەکەی لەژێر پێی ڕوسیا دهردههێنێت، ئەوهی ڕوسیا لەدوای ڕوخانی یەکێتیی سۆڤیەت نەیتوانیی بیکاتو ئاشتی لەنێوان ئازەربایجانو ئەرمینیا بەرقەرار بکات، ئەمریکا لەماوەی کەمتر لەدوو مانگ کردی.
باس لهوهشدهكهن، جگە لەمە، جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکەشی بەتەواوی گۆڕییو ئێرانی خستە ناوقەفەسی زیندانەوەو ئەو ڕێگەیەی تورکیا خەونی پێوەدەبینی، کلیلەکەی تا 99 ساڵی تر لەژێر دەستی ئەمریکادا دەبێت کە بەگونجاوی زانی دایدەخاتو پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی چینیشى داخست.
