عێراق‌و ئێران وه‌ڵامێكى توندى ئه‌مریكا ده‌ده‌نه‌وه‌

عیراق

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7553 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عێراق‌و ئێران وه‌ڵامێكى توندى ئه‌مریكا ده‌ده‌نه‌وه‌، باڵیۆزخانەی ئێران لەبەغدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئیدانەی دەستوەردانەکانی ئەمریکا ده‌كه‌ین لەپەیوەندییە دوقۆڵیەکانی نێوان بەغداو تاران"، باڵیۆزخانه‌ى عێراقیش له‌واشنتۆن نوسیویه‌تى، "عێراق ملکەچی سیاسەتەکانی هیچ وڵاتێک نییە، بڕیارەکانیش لەئیرادەی نیشتمانی سەربەخۆی وڵاتەکەیەوە سەرچاوە دەگرن".


باڵیۆزخانەی ئێران لەبەغدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "لەڕاگەیەندراوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بۆ دژایەتیکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران‌و عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی هەردوو وڵات‌و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، دەستوەردانێکی قبوڵنەکراوە لەپەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئەم لێدوانانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەڵگەیەکی ڕونە لەسەر ئەو بەرنامە ناسەقامگیرییەی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە گرتویەتیەبەر، نیشانەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ بۆ چاندنی ناتەبایی لەنێوان گەلانی هەردولا".

لەبه‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، "ئەمجۆرە دەستوەردانە، پێشێلکردنی بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە لەسەر بنەمای هاوکاری نێوان وڵاتەکان دامەزراوە".

ئێوارەی سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە ئەمنیەی لەنێوان عێراق‌و ئێران واژۆکرا ڕەتکردەوە، ڕاشیگەیاند، دژایەتی هەر یاسایەک دەکەن کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئامانجەکانی ئەمریکا یان دژایەتی بەهێزکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێستای عێراق بێت.

تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "دژی هەر یاسایەک دەوەستینەوە کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاریی‌و هاوبەشی ئەمنی دولایەنەمان ناکۆکە، هەروەها پێچەوانەی هەوڵەکانی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراقە".

بروس جەختیکردەوە، "ئێمە پشتیوانیی لەسەروەری ڕاستەقینەی عێراق دەکەین، نەک یاسایەک کە عێراق بکاتە وڵاتێکی ژێردەستەی ئێران".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا بۆی ڕونبوەتەوە کە داهاتوی گەلان، دەبێت لەدەستی خۆیاندابێت‌و ئێمە لێرەدا پابەندبونمان دوپاتدەکەینەوە، وەک ڕونمانکردوەتەوە، کە ئەم ڕێگه‌یە تایبەتە، پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێمە دەخوازین".

هەر لەوبارەوە باڵیۆزخانەی عێراق لەواشنتۆن لەڕاگەیەندراوێکدا نوسیویه‌تى، "عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییەو مافی ئەوەی هەیە ڕێککەوتن‌و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بەگوێره‌ى بڕگەکانی دەستورو یاسا نیشتمانییەکانی خۆى، بەشێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانیدا بگونجێت ئەنجامبدات".

ئاماژەی بەوەشداوە، "عێراق پەیوەندی دۆستانەو هاوکاریی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر وڵاتی جیهاندا هەیە، بەتایبەت دراوسێکانی‌و ئەمریکا، هەروەها دەیەوێت ئەو پەیوەندیانە لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی یەکترو بەرژەوەندیی هاوبەش بونیادبنێت".

جەختیشیکردوه‌ته‌وه‌، "عێراق ملکەچی سیاسەتەکانی هیچ وڵاتێک نییە، بڕیارەکانیش لەئیرادەی نیشتمانی سەربەخۆی وڵاتەکەیەوە سەرچاوە دەگرن".

ڕونیشیکردوه‌ته‌وه‌، "ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە بەمدواییە لەگەڵ ئێران واژۆكراوه‌، لەچوارچێوەی هاریکاریی دوقۆڵیدایە بۆ پاراستنی ئاسایش‌و کۆنتڕۆڵکردنی سنوری هاوبەش، بەشێوەیەک کە سەقامگیریی‌و ئاسایشی هەردوو وڵات بپارێزێت‌و خزمەت بەئاسایشی ناوچەکە بکات".

محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژی 11ی ئابی 2025، سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنی لەنێوان قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق‌و عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کرد.