شارپرێس:
ناوەندی توێژینەوەی شار لەدەزگای میدیایی شارپرێس، توێژینەوەیەکی فرە ڕەهەندو گرنگو پڕ لەداتاو زانیاریی لەبارەی مادە هۆشبەرەکانەوە لەهەرێمی کوردستان ئامادەو چاپدەکاتو تێیدا زۆر بەوردی باس لەهۆکارو دەرئەنجامو داتاو مەترسیەکانی مادەهۆشبەرەکان لەسەر کۆمەڵگەی کوردیی کراوە.

"مادە هۆشبەرەکان لەهەرێمی کوردستان" ناونیشانی ئەو توێژینەوەیە کە ناوەندی توێژینەوەی شار لەدەزگای میدیایی شارپرێس ئامادەو چاپیکردوەو باس لەڕەهەندە کۆمەڵایەتی، دەرونی، یاساییو ئەمنییەکانی دیاردەکە دەکاتو لەناوەرۆکی توێژینەوەکەدا کە لەچوارچێوەی کتێبێکدا چاپکراوە بەوردی باس لەسەرجەم ڕەهەندەکان کراوە.
توێژینەوەکە لەچوارچێوەی کتێبێکی 245 پەڕەییدا چاپکراوەو خۆی دەبێنێتەوە لەچوار بەشی سەرەکی کە هەر بەشێک بەسەر چەند تەوەرێکو هەر تەوەرێک بەسەر چەند باسێکدا دابەشکراوەو بەشێوەیەکی ئەکادیمی خوێندنەوەی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان کردوە لەبەردەم مەترسیەکانی مادەی هۆشبەردا.
وێرای باسکردن لەمەترسیەکان بە شێوەیەکی زانستیی داتاو ژمارە مەترسیدارەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەڵکشانی دیاردەکەی خستوهتەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەنزیکەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ توشبوانو قوربانیانو بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان کردوە کە ئێستا لەزیندانو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرو حوکمدراون.
بەشێکی دیكهى توێژینەوەکە پێکدێت لەڕاسپاردەی ناوەندی توێژینەوەی شار بۆ بەرگرتن لەبڵاوبونەوەی زیاتری مادە هۆشبەرەکانو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لەسەر گەنجانو کوڕانو کچانی هەرێمی کوردستان کە لەئێستادا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەو دوژمنێكی دیارو ئاشکرادان.
ئامادەکردنی توێژینەوەکە لەچوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەزگای میدیایی شاپرێسدایە کە بۆ بەرەنگاربونەوەو کەمکردنەوەی مەترسیەکانی مادەی هۆشبەر ڕایگەیاندوە.
هەڵمەتی هۆشیارییەکەی دەزگای میدیایی شارپرێس، لەڕۆژی 25ى حوزەیرانی ئەمساڵو لەسلێمانیو لەمەراسیمێکی گەورەدا ڕاگەیهنراو وێرای پێشکەشکردنی سێ پانێڵی تایبەتو گرنگ لەبارەی دیوە جیاوازەکانی مەترسیی مادەی هۆشبەرەوە، شارپرێس زنجیرەیەک ڤیدیۆو سپۆتی ڕیکلامیی هۆشیاریی بڵاوکردەوە کە بۆ یەکەمجاربوو نمایشبکرێن.