ئایا کەمی بەشداریکردنی هاوڵاتیان کاریگەریی لەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردنەکان دەبێت؟

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2833 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، شەرعییەتی هەڵبژاردنەکان لەعێراق پەیوەست نییە بەڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەپرۆسەی دەنگدان، ده‌شڵێت، "دەستوری عێراق‌و یاسا کارپێکراوەکانی هەڵبژاردن هیچ شتێک لەبارەی سنوری هەڵبژاردن یان کەمترین ڕێژەی بەشداریکردن لەخۆناگرێت".


تەمیمی لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕونیکردوه‌تەوە، "هەڵبژاردنەکان بەشەرعی دادەنرێن بەبێ گوێدانە ڕێژەی بەشداریکردن، جا بەرزبێت یان نزم".

جەختیکردوه‌تەوە، "ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەفەرمی پەسەند دەکرێن‌و لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامانە ئەنجومەنی نوێنەران پێکدەهێنرێت‌و سێ سەرۆکایەتییەکە هەڵدەبژێردرێن".

وتوشیەتی، "هەندێک وڵات‌و هەروەها هەندێک لەویلایەتە ئەمریکییەکان، ڕێژەی دیاریکراویان بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا پەسەندکردوە، بەڵام ئەمە لەعێراقدا کارپێکراونییە".

سەبارەت بەئەگەری دەستێوەردانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەحاڵەتی کەمبونەوەی ڕێژەی بەشداریکردن، تەمیمی ئەو بۆچونەی ڕەتکردەوەو جەختیکردەوە، "نەتەوەیەکگرتوەکان دەستوەرناداتە ناو کاروباری ناوخۆی وڵاتانی سەربەخۆ، بەگوێرەی مادە 1، 2، 3و 18ی پەیماننامەکەی کە لەساڵی 1945 دەرچوە".