پێشنیازێكى مالیكى بۆ بارزانى ئاگر له‌په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى‌و یه‌كێتیى به‌رده‌دات.. بزانه‌ له‌پیرمام پێشنیازى چى بۆكردوه‌

کوردستان

23/11/2025‌ 35114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌ت ڕاپۆرتێكى تێروته‌سه‌لى له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى نورى مالیكى بۆ شارى هه‌ولێرو كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "دوای ساڵانێكی زۆر لەدابڕانی سیاسیی، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەردانی هەولێری كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆبوه‌وە"، باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌كاتێكدا بوو ناكۆكیه‌كانى نێوان بارزانى‌و مالیكى تایبه‌ت بەدەسەڵاتەكانی هەرێم‌و نەوت‌و موچەی فەرمانبەران لەساڵانی 2010 تا 2014و گەیشتە لوتكە".


ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌دوو ڕاگه‌یه‌نراوى بارەگای بارزانی‌و ده‌وڵه‌تى یاسا كردوه‌ له‌باره‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ى پیرمامى هه‌ولێر كه‌ جه‌ختیانكردوه‌ته‌وه‌ له‌سود وه‌رگرتن لەئەنجامەكانی هەڵبژاردنه‌كان به‌گوێره‌ى ئیستیحقاقی هەڵبژاردن‌و خێرایی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت.

به‌ڵام جیاواز له‌دوو ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەچوارچێوەی هەماهەنگی بۆ شەرقولئەوسەت قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى، "سەردانەكە تیشكیخسته‌سه‌ر دوبارە گەڕاندنەوەی هاوپەیمانی مێژویی‌و ستراتیژی نێوان هێزە كوردی‌و شیعیەكان كە لەم دەیەی دواییدا توشی گرفت بوە".

هه‌روه‌ك سەرچاوەكە وتویه‌تى، "مالیكی بڕوای وابوە كە ڕەنگە بارزانیش هاوڕای بوبێت، درز تێکەوتنی پەیوەندیەكانی كوردو شیعە ڕەنگدانەوەی خراپی هەبوە بۆسەرجەم كایەكانی دۆخی وڵات، هەروەها هۆكاریش بوه‌ لەدروستكردنى ئاڵنگارى بۆ پێكهێنانی حكومەت لەساڵانی ڕابردودا، بۆیە پێده‌چێت هەردولا گەیشتبنە ئەو بڕوایەی پێویستە ئەو درزەی نێوانیان چاكبكرێتەوە".

هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى شیعه‌كان جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ڕەنگە ئاسایی بێت هەردولا پرسی پێكهێنانی حكومەتیان بەشێوەی تەوافوقی تاووتوێكردبێت، مالیكی پێشنیازێكی پێشكەش بەبارزانی كردوە كە پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن پارتییەوە وەربگیرێت وەك جێگرەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وەك ئەوەی لەخولەكانی پێشوو لای یەكێتیی بوە، ئەمەش لەبەرامبەر پشتیوانی لایەنە شیعەكانە لەلایەن هەولێرەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ كه‌ بۆ شه‌رقولئه‌وسه‌ت زانیاریى ئاشكراكردوه‌، "لەدیارترین كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، د.فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراقە، كە دوێنێ لەفڕۆكەخانەی هەولێر پێشوازیی لەمالیكی كرد، بەو مانایەی پۆستی سەرۆك كۆمار هەر بۆ كورد دەبێت، بەڵام تایبەت نەكراوە بەیەكێتی نیشتمانی كوردستان".

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌زارى كیفاح مەحمود ڕاوێژكاری میدیایی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، "كۆتا سەردانی نوری مالیكیم بۆ هەولێر بەبیر نایەت، به‌ڵام دابڕان‌و دوژمنایەتی هەمیشەییش لەسیاسەتدا بونى نییە، مالیكی یەكێكە لەسیاسییانه‌ى پەیوەندیی قووڵ‌و دورودرێژى هەیە لەگەڵ سەركردایەتی هه‌رێم به‌تایبه‌ت مەسعود بارزانی‌و جەلال تاڵەبانی، دواتریش لەپێكهێنانی حكومەت لەدوای 2005وە هاوپەیمانییان هەبوە، پێشئەوەی هاوپەیمانییەكە بەهۆكاری جیاواز بپچڕێت".

ڕاوێژكاره‌كه‌ى بارزانى، مالیكی به‌كەسایەتییەكی كاریگەر لەمەیدانی سیاسیدا ناوبردوه‌و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "لەبەرژەوەندی گەلی عێراقیشە كە پەیوەندیەكانی هەولێرو بەغدا ڕاست‌و سروشتی بن، ڕێككەوتنی ئەو كەسایەتیانە دەبێتە هۆی تواندنەوەی ئەو بەستەڵەكانەی كە سەرجەم ڕێگه‌كان دادەخەن".

پێچه‌وانه‌ى زانیاریى‌و قسه‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى‌و پێشنیازه‌كه‌ى مالیكى بۆ بارزانى، ڕاوێژكارەكه‌ى بارزانی بۆچونى وابوه‌، "زوە جارێ قسە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێت، چونكە ئەو بابەتە پەیوەستە بەرێككەوتنی سیاسی نێوان پێكهاتەكان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە دواتریش سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانیش دیاریدەكەن".

نه‌یشاردوه‌ته‌وه‌، "پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە نەك حزبێكی دیاریكراو، بەڵام عورف بوە كە یەكێتیی ئەو پۆستە وەربگرێت، وەك چۆن پۆستی سەرۆكی هەرێمیش بۆ پارتی بوە"، بەڵام جه‌ختی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌، "ئەمڕۆ دۆخەكە جیاوازە، هەرچەندە كورد هێشتا سورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە سەرەڕای ئەوەی سوننەكانیش داوایدەكەن، بەڵام لەكۆتاییدا پرسەكە پەیوەستە بەڕێككەوتن‌و لێكتێگەیشتنەكان لەنێوان كوتلە سیاسییەكاندا".

بەپەلە