شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
فهرماندهیهكى باڵاى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) له‌دیدارێكى تایبه‌تى شارپرێس-دا زانیاریى گرنگ ئاشكرادهكاتو له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت بهڕۆژئاواى كوردستان قسه ده‌كات. سیپان حه‌مۆ ڕاشیدهگهیهنێت، "حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر ته‌واوى گروپه چه‌كداره‌كانى وڵاته‌كه‌یدا نییه‌و زۆریان پابه‌ندى هیچ بڕیارێكى وه‌زیرو وه‌زاره‌تى به‌رگریى نابن".
حه‌مۆ له‌م دیداره‌دا كه كهنداڵ جودى په‌یامنێرو ڕۆژنامه‌نوسى ده‌زگاى میدیایى شارپرێس له‌گه‌ڵیدا سازیكردوه ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "حكومه‌تى سوریا هه‌موو هه‌وڵێكیدا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌سه‌ده، به‌ڵام نه ئێمه‌و نه ئه‌مریكا قبوڵمان نه‌بوو".
ده‌شڵێت:"ناوى 70 فه‌رمانده‌مان ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى به‌رگریى سوریا كردوه بۆ ئه‌وه‌ى له‌چوارچێوه‌ى فیرقه‌و لیواكانى وه‌زاره‌تى به‌رگریى دیمه‌شق به‌رپرسیارێتى سه‌ربازیى وه‌ربگرن، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌داوینه‌ته‌وه".
ده‌شڵێت، "ئێستا لەکەناراوەکانی سوریا‌و عه‌له‌ویه‌كانیش داواكاریی هه‌یه كه هه‌سه‌ده بچێته ئهوێو پارێزگاری‌یان لێبكاتو خۆسه‌رى دیمو‌كراتى له‌وێش بونیادبنرێت، به‌ڵام حكومه‌تى سوریا به‌وه زۆر ناڕه‌حه‌ت بوه، بۆیە جهختدهكهینهوه، ئەگەر دیمەشق لەگەڵ ئێمە ڕێكه‌وتن بكات، ئه‌وا ڕێگه له‌شەڕی ناوخۆ دەگیرێت، ئەگەریش ڕێكه‌وتن نه‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه سوریا لەمەترسییەکی گه‌وره‌دا ده‌بێت".
سه‌باره‌ت بهپهیوهندییهكانى هه‌سه‌ده‌و توركیا، فه‌رمانده باڵاكه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان جه‌ختیكرده‌وه، "هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیادا نییە، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تورکیا هەبێت، چونكه تورکیا دەوڵەتێکی گرنگەو پێگەی ستراتیژیی هەیە، ئێمه ئاماده‌ین، بەڵام بەداخەوە تورکیا ئامادەنییە".
له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ باشورى كوردستان، سیپان حه‌مۆ ده‌ڵێت، "لهدڵەوە سڵاو لەگهلى خۆمان له‌باشور ده‌كه‌م، دەزانین دڵی باشور لەگەڵ ڕۆژاڤایه، خەڵکی باشور زۆر خۆڕاگرن، تائێستا هەموو ماڵێک لەباشور دەیانجار زەرەرمەندبونو گوندەکانیان سوتاون، ئەم دەستکەوتانەشی ئێستا بەدەستهاتون به‌نرخه بۆ هه‌مومان، بێگومان ڕۆژاڤاش به‌هه‌مانشێوه‌یه لاى باشور، بۆیه وه‌ك هه‌سه‌ده هه‌موكات ئاماده‌ین بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌ل هه‌م لهباشورو هه‌میش له‌ڕۆژاڤا".
ده‌قى دیداره‌كه كه زانیاریى زۆر گرنگ‌و هه‌ستیارى تێدایه:
شارپرێس: سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌مان با لەدۆخی هه‌ردوو دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (شێخ مەقسودو ئەشرەفییە)وه دەستپێبکەین، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەوێبویت، دۆخی ئه‌و دوو گەڕەکه چۆنە له‌كاتێكدا هێرشى نوێ كراوه‌ته‌سه‌ریان؟
حه‌مۆ: سەرەتا سڵاو‌و ڕێز بۆ شارپرێس‌و هه‌موو میدیا‌و ڕۆژنامه‌نوسانى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان، ڕاستە ئێمە سەردانی حەلەبمان کرد، هەروەها سەردانی هەردوو گەڕەکى شێخ مه‌قسودمان کرد. وەک دەزانرێت لەمانگى ئادارى ئه‌مساڵ، لەئەنجامی ڕێککەوتنێکی فەرمی، هێزەکانمان (هەسەدە) لەوێ کشانەوە، به‌ڵام دوای کشانەوەمان، کێشەی زۆر لەهەردوو گەڕەکەکەدا سەریهەڵدا، لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر هێرشێکی توند لەدژی هەردوو گەڕەکەکە ئەنجامدرا، له‌به‌رامبه‌ردا خەڵکی گەڕەکەکەو هێزە ئەمنییەکان بەرخۆدانیان کرد‌و وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.
بۆیە هەستمانكرد ده‌بێت لهوردهكاریى كێشه‌كان تێبگه‌ین، بەشێوەیەکی گشتیی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە کە زیاتر لە 400 هەزار هاوڵاتی مەدەنی تێیدا دەژین، زیاتر لەسێ مانگە لەژێر گەمارۆیەکی سەختدان، بەڵام مۆڕاڵی خەڵک لەهەردوو گەڕەکەکەدا زۆر بەرزە، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى بەهۆی ئەو گەمارۆویهوه، بارودۆخی ژیانی خەڵک خراپە، لەڕاستیدا نازانرێت ئەوانەی گەمارۆی ئەم دوو گەڕەکیان داوە کێن.
بۆ نمونە بەدیمەشق دەڵێین گەمارۆ لەسەر هەردوو گەڕەکەکە هەیە، ئەوانیش دەڵێن ئاگاداری نین، ئێمە بەگروپەکانی دیكه‌ش دەڵێین، ئەوانیش هەمان شت دەڵێن، کە ئاگاداری نین، بەڵام لەئەنجامدا گەمارۆیەکی توند بەسەر هەردوو گەڕەکەکە هەیە.
لەلایەکی دیكه‌شه‌وه دۆخی گشتیی حەلەب ئاڵۆزە، لەم چوارچێوەیەدا چەندین گروپی جیاواز هەنو هەریەکەیان ناوچە جیاوازەکانیان کۆنترۆڵکردوە، هەرچەندە ڕاگەیەندرا کە ئەو گروپە چەکدارانە کەوتونەتە ژێر چاودێریی وەزارەتی بەرگریی، بەڵام لەواقیعدا دەتوانین بڵێین نزیکەی هەموو گەڕەکێکی حەلەب لەژێر دەسەڵاتی یەکێک لەو گروپە چەکدارانەدایە، ئەم گروپە چەکدارانە هەوڵە فەرمییەکانیش پشتگوێدەخەنو لەئەنجامدا بەردەوامدەبن لەکارەکانیان کە بریتین لەڕفاندنو وەرگرتنی پارە لەبەرامبەریدا.
شارپرێس: به‌ڕێز سیپان حه‌مۆ لەسەردانەکەتدا بۆ حەلەب، ئایا لەگەڵ وهفدى حکومەتی کاتی سوریا کۆبویتەوەو گفتوگۆت ئەنجامدا؟، چ سەبارەت بەشێخ مەقسودو ئەشرەفیە یان بابەتی دیکەی وەک داخستنی ڕێگه‌کانی نێوان باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا‌و دیمەشق؟
حه‌مۆ: بەڵێ ئەوە ڕاستە، مانگێک پێش ئێستا پلانێک هەبوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئەو دوو گەڕەکەو بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لەحەلەب لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حەلەب کە سەر بەدیمەشقن، بەڵام بەهۆی هەڵوێستە نەرێنییەکانیان ئەو کۆبونەوەیە دواخرا، بەڵام کاتێک چومە حەلەب کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق ئەنجامدا کە بەرپرسیارن لەحەلەب، بەگشتیی دیدارەکانی نێوان ئێمەو حکومەتی دیمەشق لەلایەنی ئەمنی‌و سەربازیی‌و سیاسییەوە ئەنجامدەدرێن.
لەدیمەشق کێشەیەکى گه‌وره هەیە، ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت لەسەر زەوی بەدەستیبهێننو جێبه‌جێى بكه‌ن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە حکومەتی دیمەشق هێشتا ده‌سه‌ڵاتى بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا نییە.
بەواتایەکی دیكه، دیمەشق زۆر بڕیار دەدات، بەڵام دواتر جێبەجێیان ناکات، وەک زۆرێک لەپرسەکان، لەوانەش پرسی حەلەب، حکومەتی دیمەشق زۆر بەڵێنیدا، بەڵام جێبەجێنەکران، بۆ نمونە، مورهه‌ف ئەبو قەسره وەزیری بەرگری دیمەشق خۆی بڕیارێکی فەرمیدا کە ڕێگه‌ی دێرەزۆر-حەلەب بکرێتەوە، بەڵام لەئەنجامدا ڕێگه‌کان نەکراونەتەوە.
لەهەمانکاتدا حکومەتی دیمەشق دواتر بڕیاریدا گەمارۆی سەر شێخ مەقسودو ئەشرەفیە هەڵبگرێتو ڕێگه‌ی نێوان باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا‌و دیمەشق بکاتەوە، بەڵام لەسەر زەوی هیچ جێبه‌جێنه‌كرا، بەپێچەوانەوە کاتێک دیمەشق بڕیارێکیدا، لەبری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، دۆخەکە خراپتر بوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەرچەندە ئەو گروپە چەکدارانە بانگەشەی ئەوەدەکەن کە پەیوەندییان بەوەزارەتی بەرگرییەوە هەیە، بەڵام ئەمە ڕاست نییەو هێشتا وەک گروپێک کە سەر بەدیمەشق نین مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، له‌برى دیمه‌شق لەگەڵ لایەنو وڵاتانى دیكه‌دا کاردەکەنو بڕیار وه‌رده‌گرن، به‌ڵام لاى ئێمه بەفەرمی دیمەشق لێیان بەرپرسیارەو ئێمە دیمەشق دەناسین.
بەشێوەیەکی گشتیی، کەشوهەوای دوایین کۆبونەوە باشبوو، بەڵام دوێنێ هێرشکرایەسەر گەڕەکەکانی حەلەب‌و جارێکی دیکە ڕێگه‌کان داخرانه‌وه.
شارپرێس: سەبارەت بەپرسی دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، ئەوە بڵاوکرایەوە کە ناوی 70 فەرماندەتان ناردوە، سەبارەت بەپرسی پەیوەستبوون بەسوپای سوریا، ئایا هیچ وەڵامێکتان وەرگرتوە؟
حه‌مۆ: لەکۆبونەوەکانی دیمەشقدا ئێمەو وەزارەتی بەرگریی‌و ئەمریکاش باسمان لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان مەزڵوم عەبدی‌و ئەحمەد شهرعو چۆنێتى جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە كردوه، پرسى هێزەکانی هه‌سه‌ده بۆ ئەوان‌و بۆ ئێمه‌ش زۆر گرنگە، ئێمە هەمیشە دەڵێین هه‌سه‌ده هێزێکی بەرگرییەو وابەستەی ئیرادەیەکی سیاسییە کە ناوی ئیدارەی خۆسەرە.
نایشارینه‌وه، ئێمه پێمان باشبوو، سه‌ره‌تا ئیدارەی خۆسەر لەهەموو ڕویەکەوە لەڕوی سیاسییەوە لەگەڵ دیمەشق کاربکات‌و پرسی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده)ش بۆ دواجار جێبهێڵدرێت، بەڵام دیمەشق لەسەرەتادا پێداگریی لەسەر ئەوەکرد کە ئێمە کێشەی هه‌سه‌ده چارەسەربکەین.
لەو چوارچێوەیەشدا تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی کە نامانەوێت ڕێكه‌وتننامه‌ى 10ی ئادار جێبەجێبکەین، له‌كاتێكدا ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییەو درۆیەکی گەورەیە، ئێمە هەمیشە لەسەر هەڵوێستی خۆمان بوین بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێكه‌وتنه خاڵ بەخاڵ.
دیمەشق ویستی هه‌سه‌ده هەڵبوەشێنێتەوە، ئێمه‌و ئه‌مریكاش ئه‌وه‌مان ڕه‌تكرده‌وه‌و لەکۆبونەوەکانی ئەمدواییەشدا وتمان (هەسەدە) لەناوچەکانی خۆیان ده‌مێننەوە، به‌ڵام ملکەچی هه‌موو بڕیارێكى وەزارەتی بەرگریی ده‌بن، بۆچونەکان لەسەر ئەو پرسە ئەرێنی بون‌و داوایان لێكردین هێزەکانمان ڕێکبخەین، پێمان وتن هه‌سه‌ده یەکەی سەربازیى هەیەو له‌و ڕوهشهوه ناوی فەرماندەکانمان پێدان، به‌نێوه‌ندگیریى ئەمریکا، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوەو چاوەڕێی وادەیەکین بۆ دیاریکردنی کۆبونەوە له‌وباره‌یه‌وه‌و جهختیشدهكهینهوه پابەندین بەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئاداره‌وه.
شارپرێس: بەبۆچونی ئێوە بۆچی تائێستا ڕێککەوتنێکی جددی لەنێوان ئێوەو حکومەتی دیمەشقدا نه‌هاتوه‌ته كایه‌وه؟ ئایا ئەمانە هۆکاری ناوخۆیین، یان ناهاوسەنگی نێودەوڵەتی‌و ناوچەیی؟
حه‌مۆ: لەڕاستیدا هەموو ئەو هۆکارانە هەیە کە پرسیارت کردوە، لەوانەش بۆچی تائێستا ڕێککەوتنێکی تەواو نەکراوە، لەلایەکی دیكه‌شه‌وه سروشتییە کە هەموو شتێک بەیەکەوە چارەسەرنەکرێن، چونکە لەم وڵاتەدا دەرفەتی هیچ شتێک نەبوو، واتە لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا، دوای ڕوخانی ڕژێمیش لە8ی کانونی دوەمی 2024، هەوڵ هەیە بۆ بونیادنانی شتێکی نوێ‌و ئەمەش بەشەوو ڕۆژێک ڕونادات، ئەم گروپەى کە پێشتر بەناوی ئەلقاعیدەو دواتر ده‌سته‌ى تەحریر شام کاریاندەکردو ئێستا وه‌كو یه‌كه‌م گروپى چه‌كدارى كه گه‌یشتونه‌ته دیمهشقو دەیانەوێت لەڕوی سیاسییەوە کاربکەن، هێشتا ڕون نییە کە کۆمەڵگه‌ی سوریا تا چەند دەتوانێت قبوڵیان بکات، ئه‌ویش بەهۆی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی‌و ئایینیەکانی کۆمەڵگەی سوریا لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریادا ناگونجێت.
من بەشەخسی خۆم دەڵێم بارودۆخی سوریا لەپێشوو خراپترەو ئەگەری شەڕی ناوخۆ لەسوریا زیاترە، حکومەتی ئێستا ناتوانێت حوکمڕانیی بکات، واتە حکومەتی ئینتقالی دیمەشق هێشتا ناتوانێت هەموو شتێک بەڕێوەببات، ئەگەر حکومەت خۆی بیەوێت بچێتە دوو گه‌ڕه‌كى سوریا (هەرەستاو دوما) كه دوو گەڕەکى دیمەشقن، دەبێت مۆڵەت وەربگرێت، چونکە گروپی جیاواز کۆنترۆڵی ئەو دوو گەڕەکە دەکەن.
لەباشورو کەناراوەکانی سوریاش هەمان شتە، ئەگەر حکومەت لەدیمەشق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بكه‌وتایه‌ته گفتوگۆیەکی جددیەوە، دەمانتوانی بەئەزمونی 14 ساڵەی خۆمان، ڕێگریی لەمردنو دڕندەیی زۆر بکەین، بەڵام حکومەت لەدیمەشق ئەمەی ناوێت‌و لەبەرامبەردا دەیەوێت لەڕوی سیاسی‌و ئابوریی‌و لەڕێگەی هێرشەوە هەراسانمان بکات، بۆیە ساڵانی بەردەممان زۆر ئاڵۆزنو ئەگەری ئەوە هەیە گۆڕانکاریی بەردەوام بهێنێتە ئاراوە.
شارپرێس: باست لەهێرشەکانی سەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، هێزەکانی حکومەتی کاتی لەدیمەشق ماوەیەکە هێرشدەکەنەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لەڕەققەو دێرەزورو دێرحافر، ئایا دەکرێ بگوترێ ئەم هێرشانە ئامادەکارییە بۆ شەڕێکی گەورە لەدژی ئێوە یان تەنها فشاری سیاسین بۆ ئەوەی ئاژاوە دروستبکەن؟
حه‌مۆ: وەکو هه‌سه‌ده هەرگیز نامانەوێت شەڕ لەگەڵ کەس بکەینو نامانەوێت کێشە دروستبکەین، هەمیشە هەڵوێستی ئێمە هەڵوێستی دیالۆگ‌و یەکلاکەرەوەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا ئێمە پڕۆژەیەکی سیاسیمان هەیە، دڵنیاین ئەم پڕۆژەیەی ئێمە چارەسەری زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زۆر لایەن دژایەتی پڕۆژەکەمان دەکەنو وەک هەڕەشە سەیری دەکەن، هه‌ربۆیە هەر لەسەرەتاوە مەترسی‌و هەڕەشە لەناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەبوەو ئەو مەترسی‌و هەڕەشانە تائێستاش هەر ماون، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، گەلەکەمان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا‌و ڕۆژئاوای کوردستان، هەرگیز نابێت وا بیربکاتەوە کە مەترسی هەیە.
ئەوەندەی دۆستمان هەیە، دوژمنیشمان هەیە، دەیانەوێت ئاژاوە دروستبکەن، لەم چوارچێوەیەدا یارییەکان زۆرن‌و دەشزانین پلانەکە چییە، وەک هێزی سەربازیی کە ئەرکی سەرەکیمان پاراستنە، ئێمەش ڕێوشوێنمان هەیە، ئامانج لێی ئەوەیە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا واتا کورد بێ دەسەڵاتو ئیرادە بمێنێتەوە، واتە نایانەوێت هیچ کوردێک دەنگی بەرزبکاتەوەو دەیانەوێت کورد تەسلیم بێت، ئێمه‌ش ده‌ڵێین به‌پێچه‌وانه‌وه، ئێمه بونمان هه‌یه‌و بهڕدهوامدهبین لهخهباتو به‌ڕخۆدانی خۆمان.
ئێمە دڵنیاین کە لە کۆتاییدا پڕۆژەکەمان سەرکەوتوو دەبێت، چونکە پڕۆژەکەمان گەرەنتی یەکڕیزیی سوریا دەکات، ئێستا لەکەناراوەکانی سوریا‌و عه‌له‌ویه‌كانیش هەرکەسێک بدوێنى، داوای ئیدارەی خۆسەرو هێزەکانی هه‌سه‌ده دەکەن، حکومەتی دیمەشقیش لەم بابەتە ناڕەحەتە، بۆیە ئەگەر دیمەشق لەگەڵ ئێمە ڕێكه‌وتن بكات، ڕێگه له‌شەڕی ناوخۆ دەگیرێت، ئەگەر لەگەڵ ئێمەش ڕێكه‌وتن نه‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه، سوریا لەمەترسییەکی گه‌وره‌دایه.
شارپرێس: به‌ڕێز سیپان، با بچینەسەر بابەتی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیە؟
حه‌مۆ: هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ تورکیادا نییە، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تورکیا هەبێت، تورکیا دەوڵەتێکی گرنگەو پێگەی ستراتیژیی هەیە، بۆیە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باشتر بکەینو متمانە لەنێوانماندا دروستبکەین، ئێمە ئامادەین ئەم پەیوەندییە، بەڵام بەداخەوە تورکیا ئامادەنییە، ئێمە باوەڕمان بەبرایەتی کورد‌و تورکمان لەسوریا هەیە.
شارپرێس: پەیوەندیتان لەگەڵ باشوری کوردستان چۆنە؟
حه‌مۆ: لەدڵەوە سڵاو لە هەموو خەڵکی باشووری کوردستان دەکەم، بێگومان دەزانین دڵی باشوری کوردستان زۆر لەگەڵ ڕۆژاڤاى کوردستانە، بەتایبەت لەگەڵ عەفرینو ئێمەش هەست بەوه دەکەین، خەڵکی باشوری کوردستان زۆر خۆڕاگرن، تائێستاش هەموو ماڵێک لەباشور دەیانجار زەرەرمەندبوەو گوندەکانیان سوتاون، ئەم دەستکەوتانەی ئێستا لەباشور هه‌یه، دوای بهرخۆدانو هەوڵێکی زۆر بەدەستهاتون، بۆیە باشور بۆ ئێمه، دەستکەوتێکی زۆر بەنرخە، ئەم دەستکەوتانەی باشور‌و ڕۆژاڤای کوردستانیش دەبێتە شتێکی پیرۆز بۆ هەموو کوردستان، وه‌ك هه‌سه‌ده ئاماده‌ین هه‌موكات بۆ پارێزگاری لەو دەستکەوتانە.
شارپرێس: باسی عەفرینتان کرد، ئایا پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرینو سهرێکانیو گرێ سپی گەیشتوەتە ئەنجام؟
حه‌مۆ: پرسی سهرێکانیو عەفرینو گرێ سپی، پەیوەندیی بەگفتوگۆی گشتیی لەگەڵ دیمەشقەوە هەیە، پرسی گەڕانەوەیان زۆر لەبەرنامەی کاردایە، بەڵام تائێستا هیچ متمانەیەکمان نه‌بینیوه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە، تەنانەت گەڕانەوەیەکی بچوکیش، بۆ ئەوەی گۆڕانی دیمۆگرافی نەبێت، مەترسی ئەوە هەیە کە ناسنامەی تایبەتی کورد لەعەفرین نەمێنێت.
شارپرێس: وەک فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، چ جۆرە سوریایەکتان دەوێت؟
حه‌مۆ: سوریا وڵاتێکی جوانە، بەهەشتەو شوێنەوارە مێژوییەکانی تائێستاش زۆر زیندوە، سوریا لەخۆیدا جوانە، بەڵام ئەوەی سوریا وا جوان دەکات پێکهاتەکانین، واتە هەمەچەشنە، پێکهاتەکانی سوریا بەیەکەوە گرێدراون‌و ناتوانرێت لەیەکتر جیابکرێنەوە، سوریا، لەگەڵ کورد، عەرەب، زەردەشتی، مەسیحی‌و هەموو ئایینەکانی تر، دەکرا پێکەوە بژین.
هەرچەندە دەستێوەردانەکان لەناو سوریادا هەبون، بەڵام پێکهاتەکانی سوریا دەیانتوانی پێکەوە بژین، هیوای من ئەوەیە کە سوریا بەم ڕۆحەوە لەدایکبێتەوە کە ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان تێدا هەبێت، لەڕوی سیاسەتیشەوە دەتوانم بڵێم سوریایەکی لامەرکەزییو فرەییو پەرلەمانیم دەوێت، هەروەها ئەمە ئامانجی ئێمەیەو خەبات بۆ گەیشتن بەمەش بەردەوامە.
شارپرێس: دوا پرسیار، هه‌سه‌ده ژماره‌ى هێزه‌كانى گه‌یشتوه به‌چه‌ند، زۆر ئامار لێره‌و له‌وێ بڵاوده‌بنه‌وه، ده‌كرێ وه‌ك شارپرێس ژماره‌یان بزانین
حه‌مۆ: ژمارە فەرمییەکانمان 70 هەزارە، به‌و پێیه‌ى کۆمەڵگه‌ی ئێمە ڕۆڵی بەرگریی هەیە، هەربۆیەش 70 هەزار شه‌ڕڤانى هه‌سه‌ده‌مان هه‌یه، جگە لەهێزەکانی ئاسایش‌و هێزە تایبەتەکان.
شارپرێس: زۆر سوپاس بۆ ئەوەی دەرفەتت پێداین
حه‌مۆ: سوپاس بۆ ئێوه‌ش شارپرێس...
