پارتى په‌یامێكى به‌په‌له‌ له‌باره‌ى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

23/11/2025‌ 30362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دەمانه‌وێت پەرلەمان‌و حکومەت کارابکرێته‌وه‌"، وته‌بێژى حزبه‌كه‌ش ده‌ڵێت، "هەر لایەنێک ئامادەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە، گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین‌و گفتوگۆشمان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ى نوێ كردوه‌و چاوه‌ڕوانى هه‌ڵوێست‌و وه‌ڵامیانین".


مەحمود محەممەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی كوردستان له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌ى هەڵوێستی پارتى بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم‌و پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاشکراکردو ڕایگه‌یاند، "ماوەی ساڵێک زیاتر بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەر لەهەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ یەکێتیی لەزۆر بواردا ڕێککەوتبوین، داواشمانکرد کە بابەتی عێراق تێکەڵ بەهەرێمی کوردستان نەکرێت، چونکە دوو پرسی جیاوازە".

ده‌شڵێت، "ئێستا لەپێکهێنانی کابینەی نوێدا دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان چەند متمانەی بەو هێزانە داوە بەشی ئەوەش بەرپرسیارییان پێبدرێت".

وته‌بێژه‌كه‌ى پارتى جه‌ختیكرده‌وه‌، "لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ گفتوگۆمان کردوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام داواکارییان هەبوو نەدەکرا جێبەجێبکرێت، ئێستا چاوەڕێ هەڵوێستی نوێ‌و گۆڕانکاریی ئەو حزبەین".

مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌وه‌شى باسكرد، "پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردەو مەرج نییە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت، لەوبارەوە گفتوگۆ دەکەین‌و ڕێککەوتن لەبارەیەوە پێویستە".

سه‌باره‌ت به‌مەرجی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێى عێراق وتى، "مه‌رجمان ئەوەیە، دەبێت ئەو لایەنانەی پێکهێنەری سەرەکین، باوەڕیان بەدەستورو  جێبەجێکردنی بنەماکانی هاوبەشی هەبێت‌و بەبێ جیاوازی، حکومەت لەخزمەت هەموو چین‌و توێژەکاندا بێت".

سه‌باره‌ت به‌كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمیش وته‌بێژى پارتى ئاشكرایكرد، "پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پەرلەمان‌و حکومەت کارابکرێت، هەرلایەنێکیش ئامادەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین".

بەپەلە