شارپرێس:
حزبوڵڵای لوبنانی بەئامانجگرتنی دوەم کەسایەتی حزبەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە
پشتڕاستکردەوەو ههڕهشهى وهڵامدانهوهى توندى ئیسرائیل دهكاتو دهڵێت،
"بهرهى مقاوهمه شێوازى وهڵامهكهو كاتهكهى دیاریدهكات".
مەحمود قەماتی جێگری ئەنجومەنی سیاسیی حزبوڵڵا ئاشكرایكردوه، ئەو هێرشەی
لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا، بەزاندنی سنورو هێڵی سورە، بهڵام بەرەی مقاوەمە بێدهنگ
نابێتو شێوازیی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەو کاتەکەی دادەڕێژێت.
قەماتی ئهوهشى ڕونكردوهتهوه، بەتەواوی پابەندن بەهەماهەنگیی لەگەڵ
دەوڵەتو سوپای لوبنان، هێرشی ئیسرائیلیش تەنها موقاوەمە نا، بەڵکو تەواوی لوبنان
بەئامانج دەگرێت".
دوێنێ یەکشەممە تەقینەوەیەکی بەهێز گەڕەکی حەریکی باشوری بەیروتی پایتەختی
لوبنانی هەژاندو سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، "ئهوان هێرشیان ئهنجامداوهو
لهئهنجامیشدا یەکێک لەدیارترین فەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵایان کردوەتە ئامانج".
میدیاکانی ئیسرائیل، بەتایبەت ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت نوسیویهتى،
"ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە (ئەبو عەلی تەبتەبائی) بوە کە بەکەسی دوەمو فەرماندەیەکی
باڵای سەربازیی حزبوڵڵا دادەنرێت، تەبتەبائی کەسایەتییەکی کاریگەری ناو بزوتنەوەکەیەو
پێشتر سەرپەرشتیو فەرماندەیی هێزەکانی حزبوڵڵای لەسوریاو یەمەن کردوە، هەروەها لەساڵی
2016وە لەلایەن ئەمریکاوە ناوی لەلیستی تیرۆردا تۆمارکراوە".
ئەو پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە لەکاتێکدایە کە لە 27ی تشرینی دوەمی
2024وە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان لوبنانو ئیسرائیل چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە،
بەڵام لایەنی لوبنانی بەردەوام ئیسرائیل بەپێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە تۆمەتباردەکاتو
ئاماژە بەوە دهكات، سوپای ئیسرائیل لەپێنج ناوچەی جیاوازی ناو خاکی لوبناندا درێژەی
بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی داوە.
