شارپرێس:
ئێلیزابێس تسورکۆڤ ئهو توێژەرە ئیسرائیلی-ڕووسیهیه كه بۆ ماوەی زیاتر لەدوو ساڵ لەلایەن کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقیهوه ڕفێنراو دواتر لەمانگى 9ى ئهمساڵدا لەلایەن سودانیهوه ئازادبونى ئاشكراكرا، زانیاریى گرنگ لهبارهى گروپه چهكدارهكانى عێراقهوه ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "ئهوان چیتر بایەخ بەمقاوەمە نادەنو لەجیاتی ئەوە، بەدوای دەوڵەمەندبونو کۆنترۆڵکردنی سیاسەتدا دهگهڕێن".
ئێلیزابێس تسورکۆڤ وتارێكى نوسیوهو لەڕۆژنامەی ئەلمجلە" بڵاویكردوهتهوه، دهڵێت، "گۆڕانکاریی بەسەر میلیشیا شیعییەکاندا هاتوە، بەشێکی زۆری شیعەکانی عێراق ڕقیان لەم میلیشیایانە هەیە، بەتایبەت لەدوای سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ڕاپەڕینی تشرین لە2019".
ڕاشیدهگهیهنێت، "903 ڕۆژ ژیانى دیلێتیم بهڕێكردوه لهناو ئهو گروپه چهكدارانهدا، ڕفاندنەکەشم تەنها تاوانێک بوو هیچ پەیوەندییەکی بهئیسرائیلهوه نهبوو، ئامانجی سەرەکی ڕفێنەرەکان وەرگرتنی فیدییەکی خەیاڵی بوو، کە لەسەرەتادا گەیشتوەتە 600 ملیۆن دۆلار، ئەمەش گۆڕانی ئامانجی میلیشیاکانه لەمقاوەمەوە بۆ دەوڵەمەندبونو کۆنترۆڵی سیاسی پیشاندەدات".
وهكو تسورکۆڤ باسیكردوه، "میلیشیاکان بڕێکی زۆر پارەیان لەڕێگەی تاڵانکردنی گەنجینەی دەوڵەتو سەندنی پارە لەهاوڵاتییان کۆکردوەتەوە کە بەشێک لەو پارانە بۆ کڕینی دەنگی دەنگدەران لەهەڵمەتێکی بێوێنەدا تەرخانکراوە، ئەو گروپانەی لایەنگری ئێران گرنگی بردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانییان زانیوە، چونکە هەرچەندە لەپەرلەماندا پشکیان گەورەتربێت، وەزارەتو پڕۆژەی زیاتریان پێدەدرێت، کە ئەمەش توانایان بۆ بەهەدەردانی سەرچاوەکانی دەوڵەت زیاتر دەکات".
بهبۆچونى تسورکۆڤ، "تاران پێیوایە گرنگی ئەم میلیشیایانە لەڕۆڵی دیکەدایە، وەک قاچاخچێتی دۆلار بۆ ئێران، گواستنەوەی نەوتو کاڵا بۆ پشتگیریکردنی ئابوریی ئێران، هەروەها دڵنیابون لەمانەوەی سیستمێکی لایەنگریی لەبەغدا لەڕێگەی دەستکاریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن".
لهبهشێكى دیكهى وتارهكهیدا، تسورکۆڤ زانیاریی ئهوهشى ئاشكراكردوه، "گروپه چهكدارهكان چەند مانگێک بەرلەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، ئەندامەکانیان ناچارکردوە کارتی دەنگدانی خۆیانو کەسوکارو هاوڕێکانیان بهێننو لەڕۆژی هەڵبژاردندا دەنگبدەن بەکاندیدی ئەو حزبانەی شوێنکەوتەی میلیشیاکانن، هەرکەسێکیش ئەو داوایەی جێبەجێنەکردبێت، کارەکەی لەدەستداوە یان دەستگیرکراوە، بەو شێوەیەش سودیان لەدەنگی 250 هەزار کەس بینیوە".
