وەزارەتی ناوخۆ: سودانی دەزانێت چ لایەنێک هێرشەکان بۆ سەر هەرێم ئەنجامدەدەن

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم حکومەتی فیدراڵ بە کەمتەرخەم لە گرتنەبەری رێککاری یاسایی لەبەرامبەر هێرشبەرانی سەر دامەزراوەکانی وزە لەهەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەزانێت چ لایەنێک لەپشت هێرشەکانەوە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" لە نێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، دوچاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابوریی بەرچاویان پێگەیشتوە ".

ئەوەشیخستەڕوو، بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕونیکردەوە، لیژنە هاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە 28ی تەمموزی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبونەوەی مەیدانیان کرد  و پشکنینی تەکنیکیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتوە، کە هاوسنوری هەرێمی کوردستانە.


بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ تەواوبونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پێکهێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبوەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، کە ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەبەر.

وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکرد،" لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونبکەینەوە کە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکان دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان  بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندوە ".

راشیگەیاندوە، ڕاپۆرتەکە  چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتوە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستوری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر،" بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دوبارە نابنەوە ".

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستوری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان ".

وەزارەتی ناوخۆ وتیشی، هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستور و یاسادا.

بەپەلە