شارپرێس:
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ بەشێک لەبەرپرسانی عێراق کۆببێتەوە.
مایکڵ ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغداو لەلایەن جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا پێشوازیی لێ کرا.
بەگوێرەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا ئەم سەردانە پەیوەندییەکانی ئەمریکاو عێراق بەهێز دەکات بەپەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردەکان و کۆمەڵگا ناوخۆییەکان بۆ پشتگیریکردن لە ئامانجە هاوبەشەکانی سەروەری و خۆشگوزەرانی.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی پێشوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕیگاس چەندین دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام دەدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاریکاریی سیاسی و ئابوری و ئەمنی.
وەزارەتی دەرەوە ئەوەشی دوپات کردەوە، ڕیگاس دواتر سەردانی هەولێر دەکات و بەشدار دەبێت لەکردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی وڵاتەکەی لەهەولێر.