دادگای فیدراڵی یه‌كێك له‌کەسایەتیه‌ براوەکانی هەڵبژاردن دورده‌خاته‌وه‌

عیراق

11/12/2025‌ 2409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ركرده‌یه‌كى هاوپه‌یمانى دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، پەرەسەندنی سیاسیی هەستیار لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا هەیە پێش یەکلاییکردنەوەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ده‌شڵێت، "سەرۆک وه‌زیرانى داهاتوو لەبەرەی مقاوەمە نزیک دەبێت".


زوهێر چەلەبی سه‌ركرده‌ى هاوپه‌یمانى دەوڵەتی یاسا لەلیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتى، "ئەگەری هەیە دادگای فیدراڵی لەنزیکترین کاتدا کەسایەتییەکی گرنگ لەبراوەکانی هەڵبژاردن دوربخاتەوە، ئەمەش ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات لەدابەشکردنی کورسییەکان".

باسی لەوەشکرد، "دواکەوتن لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران دەبێت".

به‌وته‌ى چەلەبی، "چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری خۆیداوە کە خولی دوەم نەداتەوە بەسەرۆک وەزیرانی ئێستا محەمەد شیاع سودانی‌و کاندیدی داهاتوو کەسێک دەبێت کە نزیک بێت لەکوتلە براوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ دڵنیابون لەسازانی نیشتیمانیی".

ئه‌وه‌شى وت، "قۆناغی داهاتوو پێویستی بەسەرۆک وەزیرانێکە، متمانەی گروپەکانی مقاوەمەو کوتلە سیاسییە براوەکانی هەبێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییه‌ ئەمنی‌و ئابورییەکان".

چەلەبی جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئەمریکاو لۆبییە سیاسییەکان دەستێوەردانی ئاشکرا لەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه‌ پێشبینیده‌كه‌م لەڕۆژانی داهاتودا هەوڵی چڕ بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران بدرێت".